Banner
پایتەخت

زانیاری نوێ له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئاشكرا ده‌كرێت

زانیاری نوێ له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئاشكرا ده‌كرێت
کورتە

ورده‌كاریی شوێنی نیشته‌جێبوونی تره‌مپ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی و ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكه‌ی.

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هه‌واڵگری ئەمریکا، ڕێکاری ئەمنی تووند و بێوێنەیان لە ئه‌نقه‌ره‌ گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی تره‌مپ، تێیدا گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە ناوازەکەی و چۆڵکردنی هۆتێلێکی گەورەی له‌خۆگرتووه‌.

ئەمڕۆ ئاژانسی هابەر ئەکتیف (Haber Aktif) و کەناڵی ئێن تی ڤی (NTV)ی تورکی بڵاویان کردەوە، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی ترەمپ کە بە 'دڕندە' ناسراوە گەیەندراوەتە ئەنقەرە و هاوکات هۆتێلێکی گەورەش بە تەواوی بۆ خۆی و تیمەکەی چۆڵ کراوە.

هەروەها پلاتفۆرمی بۆشونا تیکلاما (Boşuna Tıklama)ـی تورکی ئاماژەی بەوە کردووە، له‌و هۆتێله‌ ڕێکارە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان و هیچ میوانێکی دیکە جگه‌ له‌ شانده‌كه‌ی واشنتن وەرناگیرێت.

به‌پێی میدیاكانی توركیا، ئۆتۆمبێلەکە، کە نرخەکەی 1.5 ملیۆن دۆلارە و کێشەکەی لە نێوان 9 بۆ 10 تۆن دایە، توانای بەرگریکردنی لە هێرشی کیمیایی و بایۆلۆژی هەیە و دەرگاکانی وەک فڕۆکەی بۆینگ 757 قورسن.

لە لایەکی دیکەوە، هۆتێلی نیشتەجێبوونی ترەمپ تەنها بۆ تیمە 1000 کەسییەکەی تەرخان کراوە و ژووری تایبەتی سەرۆک کە ڕووبەرەکەی 190 مەتر چوارگۆشەیە، بە پەنجەرەی گوللەنەبڕ و دیواری دژە بۆمب جێگیر کراوە.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، گەشتە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا هەمیشە پێویستی بە ئامادەکاری لۆجستی و ئەمنی بەرفراوان هەیە کە چەندین مانگ پێشوەختە پلانی بۆ دادەنرێت. ئەم پرۆتۆکۆڵە تایبەتانە ئامانجیان دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستنە بۆ کەسایەتییە یەکەمەکانی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکانیاندا بۆ دەرەوەی وڵات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، تورکیا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆ، پێشتر چەندین جار میوانداری سەرۆکەکانی ئەمریکای کردووە. سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپیش بۆ به‌شداریكردنه‌ له‌ 'لووتكه‌ی ناتۆ'، كه‌ به‌یانی به‌ ئاماده‌بوونی تره‌مپ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

06 تەمموز 2026 12:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026