پایتەخت

3 ملیۆن دۆلار لە ماڵی به‌ربژێرێكی مالیکی دۆزرایەوه‌

3 ملیۆن دۆلار لە ماڵی به‌ربژێرێكی مالیکی دۆزرایەوه‌
کورتە

هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایه‌ سەر ماڵی حەمەد جومەیلی و گه‌نجینه‌یه‌كی شاردراوه‌یان دۆزییه‌وه‌.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گرت، کە لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسانی باڵای کەرتی نەوت شاردرابووەوە.

ئه‌مڕۆ میدیاکانی عێراق و چەند چالاکوانێکی سیاسی بڵاویان کردەوە، هێزێکی ئەمنی هەڵیكوتاوه‌ته‌ سەر ماڵی ئەندازیار حەمەد رەمەزان عەباس جومەیلی، کە بەڕێوەبەری پڕۆژەکان و بەرپرسی دۆسیەی گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوتگەکانی باکوورە لە پاڵاوتگەی بێجی. ناوبراو، وەک یەکێک لە کەسە نزیکەکانی نوری مالیکی و خزمەکانی دەناسرێت و تۆمەتبارە بە وەرگرتنی گرێبه‌سته‌ ساختەکان.

به‌پێی زانیارییه‌كان، لە کاتی پشکنینی ماڵی ئەو بەرپرسەدا لە گوندی جومەیله لە قەزای شەرگات، دەست بەسەر بڕی 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 700 ملیۆن دیناری عێراقیدا گیراوە. ئەو پارە زۆرە لە شوێنی تایبەت لەناو ماڵەکەیدا شاردرابوونەوە و پەیوەندییان بە گرێبەستە ساختەکانی ئامادەکردنی کۆگا نەوتییەکانەوە هەبووە.

لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو بەرپرسە بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری پشت ئەم دۆسیەیە، بەتایبەت کە گومان دەکرێت تۆڕێکی فراوانتر لە پشت بەهەدەردانی سامانی گشتییەوە بن. ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکان بەشێکە لە هەوڵە چڕەکانی ئەم دواییەی عێراق بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ڕێگەی پۆستە کارگێڕییەکانەوە سامانی نایاساییان کۆکردووەتەوە.

ئەم دەستبەسەرداگرتنە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق له‌ ڕێگه‌ی 'هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌به‌یان' چەندین بەرپرسی تری هاوشێوەی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و ساختەکاری لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا ڕووبەڕووی یاسا کردووه‌ته‌وه‌.

06 تەمموز 2026 09:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026