Banner
پایتەخت

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی مەترسیدار تاوتوێ دەکات

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی مەترسیدار تاوتوێ دەکات
کورتە

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی نوێ تاوتوێ دەکات کە سزای قورسی دارایی و زیندانی تێدایە بۆ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە سزای توندی وەک زیندانی هەتاهەتایی و غەرامەی دارایی گەورەی تێدایە.

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئیکۆ عێراق بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە 32 ماددە پێکهاتووە و سزا داراییەکان بەپێی جۆری تاوانەکە دەگۆڕێن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، غەرامەی دارایی بۆ هەندێک تاوان دەگاتە 35 ملیۆن دینار (نزیکەی 22 هەزار دۆلار)، ئەمە جگە لەوەی هەندێک بڕگە سزای زیندانی هەتاهەتایییان تێدایە بۆ ئەو کەسانەی زانیاری ناڕاست بە مەبەستی لاوازکردنی متمانە بە سیستەمی دارایی بڵاودەکەنەوە.

 

عەلی حەبیب، چالاکوانی مافی مرۆڤ به‌ ڕۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ی ڕاگه‌یاندووه‌، هەرچەندە پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵی و بەرەنگاربوونەوەی هاککردن و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی گرنگە، بەڵام دەبێت هاوسەنگی لە نێوان سزادانی تاوانباران و پاراستنی ئازادییەکانی ناو دەستووردا هەبێت.

 

ناوبراو جەختی کردەوە، پێویستە دەقە یاساییەکان ڕوون بن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر خراپ بەکارهێنانێک بکرێت کە کار بکاتە سەر کاری ڕۆژنامەوانی یان ڕەخنەی مەدەنی لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانانە دامەزراندووە و داوای ڕێکخستنی یاسایی بۆ ئەو پێشێلکاریانە دەکات. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕێژەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زیادی کردووە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ساڵی 2018وە لە ناو پەرلەمانی عێراقدایە. بەهۆی ناڕەزایەتی بەردەوامی چالاکوانان و تێبینی لەسەر بڕگەکانی، تا ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە و چەندین جار هەموار کراوەتەوە.

05 تەمموز 2026 22:51
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026