پایتەخت

ژنانی عێراقی لە کوه‌یت بێ ناسنامە و پەناگەن

ژنانی عێراقی لە کوه‌یت بێ ناسنامە و پەناگەن
کورتە

كوه‌یت له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا ناسنامه‌ و كارتی بانكی له‌ هه‌زاران ژنی عێراقی ده‌سه‌نێته‌وه‌ و له‌ عێراقیشه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

دەستەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای بەسرە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە بە پەلە دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ژنانەی کە لە وڵاتی كوه‌یت نیشتەجێن و ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە.

 

ئەمڕۆ مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە بەسرە ڕایگەیاند، نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە تاوەکو وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرێت تیمێکی تایبەت ڕەوانەی كوه‌یت بکات.

 

تەمیمی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەم تیمە دەرهێنانەوەی بەڵگەنامە عێراقییەکانە بۆ ئەو ژنە زیانلێکەوتووانەی کە لە ئێستادا هیچ ناسنامەیەکیان پێ نەماوە و ناتوانن کاروباری یاسایی و بژێوی خۆیان بەڕێ بکەن.

 

ئەم داواکارییە پاش ئەوە دێت کە دەیان ژنی بە ڕەچەڵەک عێراقی بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی و سەندنەوەی ناسنامە كوه‌یتییه‌كان، لە بارودۆخێکی مرۆیی و یاسایی زۆر سەختدا  له‌ وڵاتی كوه‌یت گیریان خواردووە.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی "العربي الجديد" له‌ ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كردووه‌، زۆرێک لەو ژنانە هاوسەری هاووڵاتی كوه‌یتین و کێشەی یاساییان لەسەر مافی بەخێوکردنی منداڵەکانیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر تۆمارەکانیان لە فەرمانگەکانی باری شارستانی لە عێراق ڕەش کراوەتەوە، ئێستا ناتوانن بە ئاسانی ناسنامەی عێراقی بەدەست بهێننەوە.

 

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، دەسەڵاتدارانی كوه‌یت داوای بەڵگەنامەی عێراقییان لێ دەکەن بۆ پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدا هەموو پاسپۆرت و کارتە بانکییە کوه‌یتییەکانیشیان لێ سەندراوەتەوە و ئەمەش وای کردووە ژیانی ڕۆژانەیان پەکی بکەوێت.

 

لای خۆیەوە، موختار موسەوی، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، لێژنەکەیان بە بایەخەوە چاودێری ئەم دۆسیەیه‌ دەکات و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە كوه‌یت چارەسەرێکی خێرا بدۆزنەوە.

 

ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە کە وڵاتی كوه‌یت لە ماوەی 1 ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیه‌ی ڕەگەزنامەی دانیشتووانەکەی دەستپێکردووە. لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا، ڕەگەزنامەی كوه‌یتی لە دەیان هەزار کەس سەندراوەتەوە کە بەشێکیان ژنانی بە ڕەچەڵەک عێراقین.

05 تەمموز 2026 22:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026