هەوڵێکی تری بردنەدەرەوەی نایاسایی پارە پووچەڵکرایەوە
دەست بەسەر بڕی 22 دەفتەر و 60 وەرەقە ( 226 هەزار دۆلار) لە فرۆکەخانەی کەرکووک گیرا، کە گەشتیارێک ویستوویەتی بە شێوەیەکی نایاسایی ببیاتە دەرەوی وڵات.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک گەشتیارێک بە تۆمەتی بردنەدەرەوەی بڕە پارەیەکی زۆر دەستگیر دەکات و دەست بەسەر پارەکەشدا دەگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی گشتی گومرکەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە کاتی پشکنینی گەشتیارێکدا بەهۆی سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی، دەست بەسەر بڕی 22 دەفتەر و 60 وەرەقە ( 226 هەزار دۆلار) دا گیرا، کە گەشتیارەکە هەوڵیدەدا بە شێوەیەکی نهێنی بیباتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییەکان، گەشتیارەکە هەوڵیدەدا گەشت بۆ شاری ئەنقەرە بکات، بەڵام لەکاتی تێپەڕبوونی بە ناو ئامێری پشکنینی سۆنەردا، بڕە پارەیەکی زۆر لەناو جانتاکەیدا بەدیارکەوت، لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا گەشتیارەکە گوتبووی کە تەنها یەک دەفتەر دۆلاری پێیە، بەڵام کاتێک جانتاکەی کرایەوە، بڕێکی زۆر زیاتری تێدابوو.
بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرکی فڕۆکەخانەی کەرکووک، گەشتیاران نابێت لە 10,000 دۆلار زیاتریان پێبێت، بە پێچەوانەوە ئەمە دژی یاساکانی بانکی ناوەندییە، بۆیە گەشتیارەکە دەستبەجێ دەستگیرکرا و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک لە عێراق، ئەم فڕۆکەخانەیە لە بنەڕەتدا بنکەیەکی سەربازی ئاسمانی بوو کە بە بنکەی ئاسمانی حوڕییە دەناسرا و لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی عێراقەوە بەکاردەهێنرا.
دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەم بنکەیەیان کرد و وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاریان هێنا تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2011 کشانەوە، دواتر لە ساڵی 2014 تا تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، فڕۆکەخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو، بەڵام دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، هێزە فیدراڵییەکانی عێراق دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک و فڕۆکەخانەکەیان وەرگرتەوە.
دوای ئەوە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە گۆڕینی ئەم بنکە سەربازییە بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی نێودەوڵەتی. پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی فڕۆکەخانەکە چەند ساڵێکی خایاند و لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 بە فەرمی بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کرایەوە.