Banner
پایتەخت

چارەنووسی ژن و منداڵانی سووریا دیار نییه‌

چارەنووسی ژن و منداڵانی سووریا دیار نییه‌
کورتە

ئامارێکی ترسناک لە سووریاوە؛ 276 ژن و منداڵ له ماوه‌ی‌ 180 ڕۆژدا بوونەته‌ قوربانی.

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، توندوتیژییەکان لە سووریا بوونە هۆی کوژرانی 276 ژن و منداڵ و ڕەوشی مرۆیی لەو وڵاتەدا بەرەو خراپییەکی زیاتر ڕۆیشتووە.

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ماوەی نێوان سەرەتای کانوونی دووەم تا کۆتایی حوزەیرانی 2026، کوژرانی 92 ژن و 184 منداڵ لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا تۆمار کراوە.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە بە فەرمی لای ئەوان پشتڕاست کراونەتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی نێو بڵاوکراوەکە، مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026 وەک خوێناویترین مانگ بۆ ژن و منداڵانی سووریا تۆمار کراوە. لەو مانگەدا 33 ژن و 39 منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی توندوتیژییە کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمار کرابێت.

 

کۆی گشتی قوربانیانی ئەم دوو توێژە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵدا گەیشتووەتە 276 کەس، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە ژنان و منداڵان هێشتا قوربانی یەکەمی ململانێ و توندوتیژییەکانن لە سووریا.

 

ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات، ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئامارەکان بۆ نیوەی دووەمی ساڵ ترسناکتر دەبن.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، سووریا له‌ سه‌رده‌می حكومڕانی به‌شار ئه‌سه‌د و له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د شه‌رعیش به‌رده‌وام به‌ده‌ست ململانێی ناوخۆیی و توندوتیژییه‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی و ژیانی هاووڵاتییانی له‌ مه‌ترسیدا بووه‌.

04 تەمموز 2026 20:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026