پایتەخت

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دژی حه‌شدی شه‌عبی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دژی حه‌شدی شه‌عبی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
کورتە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەربارەی هێرشەکەی حەشدی شەعبی: شکۆی دەوڵەت هێڵی سوورە

دوابەدوای هێرشیکی حەشدی شەعبی بۆ سەر فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، دەیان کەس برینداربوون و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمبارەیەوە هاتە دەنگ.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەربارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لای کەرخ، بەیانیی ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەکەدا و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی کارگێڕیدا، کەوتە بەر هێرشی گروپێکی چەکدا.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو فەرمانبەراندا، کە دەستبەجێ داوای یارمەتییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد.

 

وەزارەتی ناوخۆ کاردانەوەی تووندی دەبێت و دەڵێت، 5 کەس لەو چەکدارە هێرشبەرانە دەستبەسەر کراون و بۆ بەدواداچوونی تاوانبارەکانی تر و هێنانیان بۆ بەردەم دادگا، ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی چڕوپڕ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی فەرماندە باڵاکان، لە ناوچەکە بەردەوامە.

 

 لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەت سڵ ناکەنەوە لە هیچ لایەنێک کە هەوڵی سەپاندنی ئەمری واقیع بدات یا هەڕەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات.

 

جەختیش لەوەدەکاتەوە، ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت یان هەڕەشەکردن لە دەسەڵاتی یاسا نادات و شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا بە هێڵێکی سوور دادەنێت کە نابێت دەستکاری بکرێت.

27 تەمموز 2025 18:28
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025