ئێرانییەکان لە جەنگدا دەدۆڕێن و لە دانوستاندا دەبەنەوە
ویندی شێرمان، دانوستانکاری باڵای ئەمریکی، له ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لهگهل ئێرانییهكان، بههۆی فشارهكانهوه لەسەر مێزی گفتوگۆ دەستی بە گریان کردووە.
دیپلۆماسییەتی ئێرانی وەک قوتابخانەیەکی ئاڵۆز و پشوودرێژ دەردەکەوێت کە توانیویەتی گەورەترین دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا تووشی بێهیوایی و ماندوێتی بکات. ئەم شێوازی وتووێژکردنە کە پشت بە کات و فشاری دەروونی دەبەستێت، وای کردووە تاران لەسەر مێزی گفتوگۆ وەک یەکێک لە سەختترین لایەنەکان هەژمار بکرێت.
ئەمڕۆ ئاژانسی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاویکردەوە، هونەری دانوستاندنی ئێرانییەکان بووەتە چەکێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەکان لە کۆتا ساتەکانی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چۆن لە کاتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، فشارەکان گەیشتنە ئاستێک کە ویندی شێرمان، دانوستانکاری باڵای ئەمریکی، لەسەر مێزی گفتوگۆ دەستی بە گریان کردووە.
بەپێی یاداشتەکانی ویندی شێرمان، عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی لە کاتژمێرە کۆتایییەکاندا داوای گەڕانەوەی بۆ خاڵە بڕاوەکان کردووە، ئەمەش نائومێدییەکی زۆری لای شاندی ئەمریکی دروست کردووە.
عێراقچی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بینینی گریانی شێرمان نیشانەی گەیشتنی ئەمریکا بووە بۆ کۆتایی توانای خۆی، هەر بۆیە ئێرانییەکان لەو خاڵەدا وەستاون و سوودیان لەو شکستی دەروونییە وەرگرتووە تاوەکو زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنن.
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2020 دانی بەوەدا نا کە ئێران ڕەنگە لە جەنگدا سەرنەکەوتبێت، بەڵام هەرگیز لە هیچ دانوستانێکی دیپلۆماسیدا نەدۆڕاوە، هەروەک هێنری کیسنجەریش بە دیاریکردنی کتێبەکەی بۆ جەواد زەریف وەک دوژمنە بەڕێزەکە، دانی بە زیرەکی ئەواندا ناوە. تاران دانوستان تەنها وەک ئامرازێک نابینێت، بەڵکو وەک درێژکراوەی ململانێیەکی مێژوویی و هەستکردن بە مەزڵوومییەت لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا بەکاری دەهێنێت تاوەکو بەرامبەرەکانی ماندوو بکات.
شێوازی دیپلۆماسییەتی ئێران ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی ئیمپراتۆرییەتی فارس و قەیرانی بارمتەکانی ساڵی 1979دا هەیە. ئەم وڵاتە لە ساڵانی 2003 تا 2015 توانی براندێکی نوێ لە دانوستانکاران پێشکەش بکات کە بە هێمنی و پشوودرێژییەکی زۆرەوە بەرامبەرەکانیان ماندوو دەکەن تا دەگەنە ئامانجەکانیان.