Banner
پایتەخت

فرانس پرێس: خەونی ئەمریکا لەناوچوو

فرانس پرێس: خەونی ئەمریکا لەناوچوو
کورتە

75 سەعات کارکردن لە هەفتەیەکدا؛ واقیعی تاڵی ژیان لە ئەمریکا.

خەونی ئەمریکی سەرەڕای تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هێشتا وەک سەرچاوەی ئومێد بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا ماوەتەوە. بەڵام لە ئێستادا بەدەستهێنانی ئەم خەونە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی ئابووری بووەتەوە و واقیعی ژیان لەو وڵاتە پێویستی بە هەوڵێکی زۆر زیاتر هەیە لە چاو ساڵانی ڕابردوو.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کە واقیعی گەیشتن بە خەونی ئەمریکی لە ئێستادا تێکەڵی بێئومێدی و کارکردنی بێسنوور بووە. ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە کۆچبەران و تەنانەت هاووڵاتییانی ڕەسەنی ئەمریکاش هەست بە فشارێکی زۆری ئابووری دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و مانەوە لە کێبڕکێدا.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕایناڵدۆ گۆتێرێز کە کۆچبەرێکی تەمەن 60 ساڵە و ماوەی 15 ساڵە لە میامی دەژی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها ڕێگە بۆ گەیشتن بەو خەونە کارکردنی توند و بەردەوامە. هەروەها ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی گالۆپ نیشانی دەدات کە 69%ی ئەمریکییەکان هێشتا بڕوایان بە توانای گەیشتن بەو خەونە هەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی 2024 بە بڕی 4% دابەزیوە، ئەمەش نیشانەی تێکچوونی باری دارایی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانە.

 

لە لایەکی دیکەوە، گەنجانی وڵاته‌كه‌ باس لەوە دەکەن، هەرچەندە ئەمریکا شوێنێکی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ، بەڵام تێچووی بەرزی نیشتەجێبوون و نادیاری داهات بوونەتە مەترسی گەورە. کارمەندانی كۆمپانیاكان پێیانوایه‌، لە ئێستادا مرۆڤ پێویستی بە 65 تا 75 سەعات کارکردنی هەفتانە هەیە تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت پسووڵەکانی ژیانی بدات، لە کاتێکدا لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دۆخەکە زۆر ئاسانتر بووە.

 

زاراوەی خەونی ئەمریکی بۆ یەکەمجار لە ساڵانی 1930کاندا سەریهەڵدا و ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە هەرکەسێک لە ئەمریکا بژیت دەتوانێت لە ڕێگەی کارکردن و لێهاتوویی خۆیەوە بگاتە خۆشگوزەرانی. ئەم خەونە لە مێژوودا بەو وێنەیەی خێزانەکان دەناسرایەوە کە خاوەنی خانوو و کارێکی جێگیر و گەشتی هاوینەن، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ ململانێیەکی توند بۆ مانەوە و پاراستنی ئازادییە کەسییەکان.

 

01 تەمموز 2026 20:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026