Banner
پایتەخت

په‌یامێكی توند له‌ ئیسرائیله‌وه‌ بۆ ئێران

په‌یامێكی توند له‌ ئیسرائیله‌وه‌ بۆ ئێران
کورتە

ئیسرائیل له‌ لوبنان ناكشێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی گه‌وره‌ و وێرانكه‌ر له‌ ئێران ده‌كات

ئیسرائیل جەخت لە مانەوەی درێژخایەنی سوپاکەی لە باشووری لوبنان و ناوچە جیاوازەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە. گرژییەکان لەگەڵ ئێران ڕوو لە زیادبوونە و تەلئەبیب هەڕەشەی هێرشی نوێی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تاران دەکات.

 

ئەمڕۆ ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنییەکانی ناو خاکی لوبنان، سوریا و کەرتی غەززە دەمێننەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجیان لەم مانەوەیە پاراستنی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و شارۆچکەکانی ئیسرائیلە لەو مەترسییانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، جەنگی ئێستای لوبنان بۆ گۆڕینی واقیعی ناوچەکەیە نەک تەنها گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، هەربۆیە هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوە دیاری نەکراوە. هەروەها باسی لەوەش کرد کە بیرۆکەی هێرشکردنەوە سەر ئێران هەمیشە وەک بژاردەیەکی سەرەکی لەسەر مێزە و ئەگەر پێویست بکات، جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە.

 

لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ لوبنان، بەڵام هاوکات سوپاکەیان لە ناوچە ئەمنییەکان دەمێنێتەوە. ئەمه‌ش ئاماژەیه‌ بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل دەیەوێت نەخشەیەکی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت کە تێیدا هەژموونی سەربازی خۆی بپارێزێت.

 

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا دێن کە وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە مەراسیمی یادکردنەوەی ئەو سەربازانەدا قسەی دەکرد کە لە جەنگی ساڵی 2006 لەگەڵ لوبنان کوژرابوون. مێژووی ململانێکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە پڕە لە گرژی، بەڵام ئەمجارە ئیسرائیل دەیەوێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێگەی گروپە چەکدارەکان لە سنوورەکانی لاواز بکات.

01 تەمموز 2026 20:47
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026