داهاتی دەروازەکان لە حەوت ساڵدا زیاتر لە 9.5 ترلیۆن دینار بووە
وەزارەتی دارایی داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگەکانی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماری فەرمی داهاتی حەوت ساڵەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد، کە بڕەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 9.5 ترلیۆن دینار، هەروەها لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی یەکگرتووی ئاسیکۆدان.
کەمێک بەر لە ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 تا کۆتایی 2025، کۆی داهاتی گومرک و دەروازە سنوورییەکان گەیشتووەتە 9 ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم داهاتە بەهۆی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی گرنگەوە بەدەستهاتووە، کە دیارترینیان (بەئەلەکترۆنیکردنی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان، ڕاگرتنی لێخۆشبوونە نایاساییەکان، ڕێکخستنی سیستەمی ترانزێت و هاوردەی ئۆتۆمبێل، لەگەڵ چالاککردنی چاودێری گومرگی لە پارێزگاکان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاغچییەتی).
لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، لە ئێستادا، وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی ئاسیکۆدایە، بەمەبەستی یەکخستنی تەواوی کاروباری گومرگی لە سەرتاسەری عێراق لە ژێر یەک سیستەمی یەکگرتوودا.