لە حەوت ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 84 مانگ 74 مووچە دابەش کراوە
لە کۆی 84 مانگی ڕابردوو؛ 10 مانگ مووچە بە تەواوی خەرج نەکراوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چالاکییەکانیدا، ڕاپۆرتێکی گشتگیر و بەداتاکراوی لەبارەی قۆناغەکانی تەمویل و خەرجکردنی مووچە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا (2019 - 2025) بۆ ڕای گشتی خستەڕوو. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەم ماوەیەدا کۆی گشتیی 84 مانگ هەبووە کە تێیدا 74 مووچە بە تەواوی خەرجکراون، لە کاتێکدا 10 مانگ مووچە بە هیچ شێوەیەک خەرج نەکراوە (خەرج نەکراوە 100%). هاوکات لەسەر پێشنیاری وەزارەتەکە، سەرجەم پاشەکەوتەکانی پێشوو لە خانەی ئەماناتەوە کراونەتە قەرز لەسەر حکومەت.
بەپێی ساڵەکان ئامارهكان پیشانی دەدەن، کە جێگیربوونی دۆخی مووچە بەستراوەتەوە بە ڕێژەی تەمویلی بەغداوە، داتاکانیش بەم شێوەیەن:
-
ساڵی 2019: کۆی گشتیی 10,650,887,000,000 دینار خەرجکراوە (12 مووچە بە تەواوی دراوە). تەمویلی فیدراڵ 49.91% و داهاتی نەوتی 40.75% بووە.
-
ساڵی 2020: کۆی گشتیی 6,275,050,000,000 دینار خەرجکراوە. بەهۆی قەیرانەوە 5 مانگ مووچە خەرج نەکراوە و 7 مانگ بە لێبڕینی 21% و 18% دابەشکراوە.
-
ساڵی 2021: کۆی گشتیی 9,497,658,000,000 دینار خەرجکراوە (12 مووچە دراوە کە 6 مانگی بە لێبڕینی 21% بووە و 6 مانگ بە تەواوی).
-
ساڵی 2022: کۆی گشتیی 9,895,456,000,000 دینار خەرجکراوە (12 مووچە بە ڕێژەی 100% بە تەواوی خەرجکراوە)؛ داهاتی نەوتی پشکی شێری بە ڕێژەی 78.59% پێکهێناوە.
-
ساڵی 2023: کۆی گشتیی 8,283,815,000,000 دینار خەرجکراوە. لەم ساڵەدا 9 مووچە دراوە و 3 مانگ مووچە خەرج نەکراوە.
-
ساڵی 2024: کۆی گشتیی 10,709,736,000,000 دینار خەرجکراوە. لەم ساڵەدا 11 مووچە دراوە و 1 مانگ مووچە خەرج نەکراوە؛ تەمویلی بەغدا گەیشتووەتە 93.62%.
-
ساڵی 2025: کۆی گشتیی تەمویلی خەرجکراو 10,021,031,360,000 دینار بووە، کە تێیدا 10 مووچە بە تەواوی خەرجکراوە و 2 مووچە خەرج نەکراوە (تەمویلی فیدراڵ 95.80% بووە).
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی داتای کۆی گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەستی بڵاوکردووەتەوە کە ژمارەیان 86,791 کەسە و مانگانە بڕی 42,623,920,000 دیناریان بۆ خەرج دەکرێت. گەورەترین پشک بەر کەرتی پەروەردە دەکەوێت بە بوونی 37,933 مامۆستای وانەبێژ کە بڕی 18,577,850,000 دیناریان بۆ تەرخان دەکرێت، لەگەڵ 3,449 وانەبێژی خوێندنی باڵا بە بڕی 1,939,750,000 دینار. هاوکات 36,790 فەرمانبەری گرێبەستی سەر بە داهاتی ناوخۆ هەن کە مانگانە 18,202,132,000 دینار وەردەگرن، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی بوودجەی ئاساییش 5,167 کەسە بە بڕی 2,494,998,000 دینار.