مووچەی ئەم مانگە لەم کاتەدا دابەشدەکرێت
ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی شەش لە بەغدا تەواوبووە و کۆتایی ئەم هەفتەیە پارە دەگاتە هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی بە پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هێنا، و ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستپێدەکات.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2026 لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی هاتووە و هیچ تێبینییەک لەسەر لیستی مووچە نەبووە. وابڕیاریشە پێش کۆتایی هەفتە، وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی پێویستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
سەبارەت بە کێشەی داهاتی فیدراڵی، گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی بەغدادا کراوە؛ لەکاتێکدا گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی ناردنی داهاتەکان بەردەوامە، چاوڕوان دەکرێت حکومەتی فیدراڵی چاوڕێی ناردنی پشکی داهاتی فیدراڵی لەلایەن هەولێرەوە نەکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ خۆی پشکی داهاتە فیدراڵییەکان لە کۆی تەمویلەکە ببڕێت پێش ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە داهاتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆداوە بە ڕێژەی 70٪ کەمیکردووە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق هێشتا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کابینەی پێشوو و لێبڕینی 120 ملیار دینارەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ.