ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ خاوەن ماتۆڕ و ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان
هاتوچۆی هەڵەبجە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکان دەردەکات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و خاوەن ماتۆڕسکیلەکان دەکات و قەدەغەی دەکات بێنە ناو سەنتەری شارەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی هاتووچۆی هەڵەبجە، ئەم بڕیارە بەمەبەستی پاراستنی ڕێکخستنی شار، کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی، و بەخشینی سیمایەکی جوان و شارستانی بە سەنتەری شار و شوێنە گەشتیارییەکان دەرکراوە و پێویستە هەموان پابەند بن.
له ئاگادارکردنەوەکەدا هاتووشە، شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان (تەنانەت ئەوانەشی کە کۆدیان بۆ کراوە) بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لەناو سەنتەری بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بوەستن. هاوکات خاوەن ماتۆڕسکیلەکانیش بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ بیانوویەک یان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری تایبەت، بۆیان نییە بێنە ناو سەنتەری شاری هەڵەبجەوە و لە لایەن مەفرەزەکانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت.
هاتووچۆی هەڵەبجە هۆشداریی توند دەداتە سەرپێچیکاران و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکان تۆمارنەکراون و سیستمی سزای دارایی (غەرامە) نەیانگرێتەوە، لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەکدا ڕاستەوخۆ دەستبەسەر دەکرێن. تیم و مەفرەزەکانی هاتووچۆ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە سەرپێچیکارەکان ڕەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەکەن و ڕێکاری توندی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.