پایتەخت

تاڵیبان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا ڕێککەوت

تاڵیبان لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا ڕێککەوت
کورتە

دوای چەندین کۆبوونەوەی نهێنی، تاڵیبان بە دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتییە تاوانبارەکانیان لە ئەڵمانیا ڕازی بوون.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی تووندکردنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی پەنابەران، حکومەتی ئەڵمانیا تاوانباران دیپۆرت دەکاتەوە.

بەگوێرەی پێگەی هەواڵی 'داوچێ ڤێلێ'ـی ئەڵمانی، هەفتەی ڕابردوو لە هۆتێلێکی ئیستەنبووڵ کۆبوونەوەیەکی چەند ڕۆژیی لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی تاڵیبان و بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، تێیدا ئەڵمانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی (ئەو ئەفغانییانەی لە وڵاتەکە تاوانیان کردووە) بۆ وڵاتی خۆیان ڕێککەوتن.

مەرجی تاڵیبان بۆ ڕازی بوون بەم هەڵوێستەی ئەڵمانیا، بریتییە لە ناردنی ژمارەیەکی زیاتری نوێنەرە دیپلۆماتکارەکانیان بۆ ئەڵمانیا تا لە ناسنامەی تاوانبارەکان دڵنیا ببنەوە کە ئەفغانین و ڕاپۆرتەکانی گەشت بەر لە دیپۆرتکردنەوەیان دەر بکەن.

تا ئێستا تەنیا 2 نوێنەری حکومەتی تاڵیبان لە ئەڵمانیا بوون، کە لە هاوینی ساڵی 2025 گەیشتنە وڵاتەکە و بەڕێوەبەرایەتی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان دەکەن لە وڵاتەکە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'بیلد ئام سۆنتاگ' زیاتر لە 100 تاوانکاری ئەفغانی چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوەن لە زیندانەکانی ئەڵمانیا. لەمبارەیەوە، ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند: "دیپۆرتکردنەوەی تاوانباران بەشێوەیەکی ڕۆتینی و متمانەپێکراو بەردەوام دەبێت، هەر کەسێک ئاسایشمان تێکبدات و تاوانی جددی ئەنجام بدات، دەبێت لە وڵاتی خۆی سەیری داهاتووی بکات، کۆمەڵگەی ئێمە ویستێکی ڕەوای هەیە لە دڵنیایی دان بەوەی تاوانباران وڵاتاکەمان جێبهڵن."

پێشووتر وادەی دیپۆرتکردنەوەی تاوانباران بۆ کابوولی پایتەختی ئەفغانستان بۆ مانگی پێنجی ئەمساڵ دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی فشاری 'ئیسلامە تووندڕەوەکان' دواخرا، چونکە حکومەتی ئەڵمانیا ڕەتی کردەوە نوێنەری زیاتری تاڵیبان بنێردێنە وڵاتەکە. دواجار دیپۆرتکردنەوەکە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەنجامدرا و تێیدا 32 تاوانباری ئەفغانی لە شاری 'لایپزیگ'ـەوە بۆ کابوول لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی تورکیا نێردران.

23 حوزەیران 2026 11:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026