هۆکارە شاراوەکانی پشت بهرزبوونهوهی بەهای دۆلار ئاشکرا کران
پێنج هۆکاری سەرەکیی بهرزبوونهوهی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕیكۆردێكی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە 157,000 دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
ئهمرۆ کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێر به پایتهخت میدیای ڕاگەیاند، ئێستا بازاڕ لە دۆخێکی ناجێگیردایە و نرخەکان بەردەوام لە بهرزی و نزمیدان. بەپێی شیکردنەوەی ئهو وتهبێژهی دۆلار، 5 هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی بەهای دراوەوەن.
وتەبێژی بازاڕی دۆلار بۆ پایتهخت ئاشكرای كرد، كه یەکەم هۆکار پەیوەندی بەو دەنگۆیانەوە هەیە کە باس لە پلانی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ دەستکاریکردنی نرخی فەرمیی دۆلار و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی 150 یان 160 هەزار دینار. دووەم هۆکار، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورخستنەوەی عەلی عەلاق لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر متمانەی بازاڕ هەبووە.
ههروهها کەیفی خۆشناو هۆكاری سێیهمی گهڕاندهوه بۆ چاپکردنی بڕی 25 تریلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، کە ئەمەش هاوسەنگیی خستنەبازاڕی دراوی گۆڕیوە. لەلایەکی دیکەوە، ئاڵنگارییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و مەترسیی داخستنی گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراقە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەهای دۆلار دروست کردووە.
له كۆتاییدا ئهو وتهبێژه ئاماژهی بهوهدا، دواجار، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) بۆ ڕێکخستنەوەی باج و ڕووسماتی بازرگانان، بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە جووڵەی بازرگانی و دابەزینی نرخەکان.
ئەم گۆڕانكارییانه لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا بەهای دۆلار لهنێوان 150 ههزار تا 160 ههزار بووه و بهشێوهیهكی بهردهوام له گۆراندا بووه.