پێدانی قەرز بە ئەفریقیا سوودانی دەهێنێتە دەنگ
ڕەخنە ئاراستەی سوودانی دەکرێت لەبارەی پێدانی قەرز بە چەند وڵاتێکی ئەفریقی و ئەویش ڕەتیدەکاتەوە
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆ لەبارەی پێدانی قەرز بە بڕی چەندین ملیۆن دۆلار بە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقیا، هاوپەیمانیەتەکەی سوودانی دێتە دەنگ و ئەو زانیارییانە ڕەتدەکاتەوە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە کابینەکەی قەرزی بە چەند وڵاتێکی ئەفریقایی داوە و جەختیکردووەتەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە چەواشەکارییەکی مەبەستدارە و بەشێکە لە ململانێی سیاسی.
ئەم پرسەش دوای ئەوە هات کە محەممەد شەممەری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، بەڵگەنامەیەکی فەرمی بڵاوکردەو کە نووسراوێکی سندووقی عێراقییە بۆ گەشەپێدانی دەرەکی لە ڕێکەوتی مانگی نیسانی 2026ـی لەسەرە، ئاماژە بە قەرزێک بە بەهای ٢٥٤ ملیۆن دۆلار (نزیکەی 381 ملیار دینار) دەکات، کە پەرلەمانتارەکە و چەند میدیایەکی عێراقی وەک قەرزی نوێی کابینەکەی سوودانی بە وڵاتانی ئەفریقیا ناساندوویانە.
لە کاتێکدا، بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی هاوپەیمانیەتەکەی سوودانی، پێدانی ئەو قەرزانە کۆنن و مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 1979 تاوەکو 1984 لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان هەر یەکە لە وڵاتەکانی تانزانیا بە بڕی 191 ملیۆن دۆلار، وڵاتی ئۆگەندا بە بڕی 15 ملیۆن دۆلار، ئەفریقای ناوەڕاست بە بڕی حەوت ملیۆن دۆلار و وڵاتی نەیجەر بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار، قەرزیان لە ڕژێمی پێشووی عێراق وەرگرتووە.
هەروەها کابینەکەی عەلی زەیدی هاوشێوەی کابینەی پێشوو بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجە هەیانە، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون، پاکتاوکردنی دارایی و وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە کۆنانە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.