نزیکەی 60 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تائێستا نزیکەی 60 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی تا کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، بڕی 55,500 تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەشێوەیەک لە پارێزگای هەولێر 20 هەزار تۆن گەنم و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر 18 هەزار تۆن گەنم و لە پارێزگای دهۆکیش نزیکەی 17 تۆن گەنم لەلایەن سایلۆکانەوە لە جووتیاران وارگیراون.
پێشتر وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، 11 سایلۆ و دوو بنکە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئامادەکراون کە توانای کۆگاکردنی نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە و تا وەرگرتنی ئەو بڕەی لەلایەن بەغداوە دیاریکراوە، پرۆسەی وەرگرتن لە سایلۆکان بەردەوام دەبێت.
ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکیترۆنییەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ڕێکخستووە و داواشی لە جووتیاران کردووە لە ڕێگەی ئەو سیستەمە بە ژمارە مۆبایلی خۆیان، ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی کاتی وەرگرتنی گەنمەکانیان بۆ دابنرێت و هەر لەو ڕێگەیەشەوە، ئاگادار بکرێنەوە.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی داوە کە بڕی 292 هەزار تۆن گەنم لە چوارچێوەی پلان و 108 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوەی پلان لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەشێوەیەک بۆ پارێزگای سلێمانی 150 هەزار و 209 تۆن، پارێزگای هەولێر 122 هەزار و 680 تۆن، پارێزگای دهۆک 116 هەزار و 83 تۆن، و پارێزگای هەڵەبجە 11 هەزار و 28 تۆنیان بۆ دیاریکراوە.
هەرچەندە ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت، لەلایەن خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت یان لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بکڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.