پایتەخت

وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکرا

وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکرا
کورتە

دوای لێکتێگیشتنی سێقۆڵی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیاکانی نەوت دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە.

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، دوای ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێنتی ئەمنی دا بە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بۆیە ئەم هەفتەیە قۆناغ بە قۆناغ پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

 

هاوکات دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازە ئەمەش بەهۆی ئەوەی قەبارەی زیانەکانیان لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان جیاوازن لە کێڵگە نەوتییەکان، بۆیە وەک هەنگاوی سەرەتا، هەردوو کۆمپانیای ئێج کەی ئێن و گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم کە لە کێڵگەکانی سەرسەنگ و شێخان کار دەکەن ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و لەم ڕۆژانەدا دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە.

 

هەروەها بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کێڵگە نەوتییەکانی دیکە کاردەکەن، لە ئامادەکاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانپێکەوتووەکان بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی تەممووز، پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە هەموو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا نۆ کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت هەن و ئێستا ڕۆژانە بڕی حەفتا و پێنج هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت کە پەنجا و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ دەپاڵێورێت و بیست هەزاریشی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

 

چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا کۆمپانیاکان قەبارەی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها لێکتێگەیشتنێکی سێقۆڵی لە نێوان کۆمپانیاکان و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکرێتەوە بۆ 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ڕابردوو لە ڕێگەی بۆری کەرکووک - جەیهانەوە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ زیادکردنی داهات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.

20 حوزەیران 2026 21:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026