پایتەخت

لەمەودوا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەم کاتەدا کۆدەبێتەوە

لەمەودوا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەم کاتەدا کۆدەبێتەوە
کورتە

عەلی زەیدی کاتێکی نوێ بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەکەی دیاریدەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاری لە کاتی کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە پێشتر هەموو ڕۆژانی سێشەممە کۆدەبوونەوە.

 

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمەودوا کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبری ڕۆژانی سێشەممە، دەگۆڕێت بۆ ڕۆژانی شەممە، کاتژمێر 8:00ی ئێوارە.

 

هاوکات بڕیارەکە چۆتە واری جێبەجكردنەوە و هەفتەی پێشووش، ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و لەم هەفتەیەشەوە، کۆبوونەوەکان بە کات و وادەی نوێ بەڕێوەدەچن.

 

سەبارەت بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان لە پشووی کۆتایی هەفتە بۆ ئەوەیە تا وەزارەتەکان بتوانن لە تەواوی ڕۆژانی دەوامدا بە بێ دابڕان خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بن، بەمەش پڕۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتییان خێراتر دەبێت.

 

کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی لە 14ـی ئایاری 2026 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی وەرگرتووە بە دەنگدان بە 14 وەزیر کە تاوەکو ئێستا نۆ پۆستی وەزاری کابینەکەش لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقن.

20 حوزەیران 2026 21:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026