دەیان خێزانی کورد بەتۆمەتی تیرۆر تۆمەتبار دەکرێن
گۆڕینی ماددەی 4ی تیرۆر؛ 10 هەزار دۆلار بەرامبەر سڕینەوەی تۆمەتی تیرۆر!
دوای تێپەڕبوونی 9 ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دەیان خێزانی کوردی ئاوارەی دوزخورماتوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبییەوە بە ماددەی 4ی تیرۆر تۆمەتبار دەکرێن، ئەم فشارە ئەمنییە کە لەگەڵیدا داوای سەرانەی داراییان لێ دەکرێت، گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان کردووەتە مەحاڵ.
ئەمڕۆ شەممە، لە دیمەنێکی تراژیدیدا کوردانی دوزخورماتوو نەک هەر ماڵ و حاڵیان لەدەستداوە، بەڵکو ئێستا کەوتوونەتە ژێر چەپۆکی تۆمەتی هەڵبەستراو، هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزاکە کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ماڵپەری دەنگی ئەمەریکا پەردەی لەسەر شێوازێکی نوێی بازرگانیکردن بە تۆمەتەکان ئاشکرا کرد و گوتی: "کۆمەڵێک خەڵکین، خانووەکانمانیان تەقاندووەتەوە و دەربەدەر کراوین، ئێستاش بە ماددەی 4ـی تیرۆر داواکراوم، حەشدی شەعبی بۆ سڕینەوەی ئەم تۆمەتە داوای 10,000 دۆلاری ئەمریکیم لێ دەکەن، لە کاتێکدا من هیچ کارێکی ئەمنیم نەکردووە."
ئەم دۆخە تەنها چیرۆکێکی تاکەکەسی نییە، ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و لیژنەی قەرەبووکردنەوەی حکومەتی عێراق قەبارەی کارەساتەکە دەردەخەن، لە دوای ساڵی 2017ـەوە زیاتر لە 1,500 خانوو و شوێنی بازرگانی کوردان تاڵان کراون و سووتێندراون، هەروەها 98 خانووی دیکەش بە تەواوی تەقێندراونەتەوە.
هەڵکەوت ئەمین، یەکێکی دیکە لە ئاوارەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەرەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هۆکاری نەگەڕانەوەیان تەنها بێماڵی نییە، بەڵکو ترسی گرتن و ئەشکەنجەدانە، ئەو دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەمان ئەوەیە کە بە ماددەی تیرۆر داواکراوین، خۆ ئێمە کوڕی ئەم خاکەین، ئەگەر تاوانبارین با حکومەتی هەرێم دەستگیرمان بکات، نەک بە تۆمەتی تیرۆر لە ماڵەکانمان بێبەش بکرێین، بۆیە داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن؛ تا کەی ئێمە ئاوا بین".
لە بەرامبەر ئەم تەمومژە ئەمنییەدا هەوڵە سیاسییەکان هێشتا لە چوارچێوەی بەڵێندایە، یاسین محەممەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە ماڵەپەری دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ئێمە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خێزانانە دەکەن کە گرفتی ئەمنییان بۆ دروست کراوە، ئەگەر تۆمەتەکان ناڕاست بن بەرگرییان لێ دەکەین، بەو مەرجەی دۆسیەی تاوانکاریی (جنائی) سەلمێندراویان لەسەر نەبێت یان تۆمەتێکی بەڵگەیی لەسەر نەبێت کە بڕیاری دادوەری لەسەر بێت، ئەوەیان جیاوازە."
دوزخورماتوو کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە تەواوی پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکانی لەدەستداوە، ئێستا نەک هەر بۆ کورد، بەڵکو بۆ عەرەبە سوننەکانیش بووەتە ناوچەیەکی پڕ مەترسی. بە سەدان خێزانی سوننە لە ناحیەی سلێمان بەگ بە هەمان شێوە لە ترسی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوزەرانی جارانیان.