بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا بەهۆی گەندەڵی دەستگیرکرا
سێکتەرەکانی نەوت و کارەبا لە عێرق زۆرترین دۆسیەی گەندەڵی هەیە بە قەبارەی دەیان ملیار دۆلار
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی عێراق لەسەر دۆسیەکانی هەردوو کەرتی نەوت و کارەبا، بۆ گێڕانەوەی ئەو پارە زۆرەی بەهەدەردراوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا فەرمی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا.
کەرتی کارەبای عێراق یەکێکە لە گەورەترین بوارەکانی بەهەدەردانی سامانی گشتی، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2003ــەوە تا ئێستا زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری تێدا خەرج کراوە بەبێ ئەوەی کێشەی بڕانی کارەبا چارەسەر ببێت. دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاپۆرتە فەرمییەکانیدا ئاشکرای کردووە کە بەشێکی زۆری ئەم پارەیە لە ڕێگەی گرێبەستی وەهمی لەگەڵ کۆمپانیا سێبەرەکان، تێچووی خەیاڵی بۆ چاککردنەوەی وێستگە کۆنەکان، و هاوردەکردنی گاز بە نرخێکی چەند هێندەی نرخی جیهانی بەهەدەر دراوە.
دۆسیەی نەوتیش کەمتر نییە لە کارەبا، چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە قاچاخچێتی بە نەوتی خاو لە ڕێگەی دەستکاریکردنی پێوەرەکانی هەناردەکردن لە بەندەرەکان و کونکردنی بۆرییە سەرەکییەکان، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار زیان بە گەنجینەی دەوڵەت دەگەیەنێت. کۆمپانیا حزبی و ناوخۆییەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی گرێبەستی پێشخستنی کێڵگە نەوتییەکان بە نرخی بەرز و وەرگرتنی شیرینی گرێبەستەکان بەشێوەی نهێنی لە کۆمپانیا بیانییەکان، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی داهاتی عێراق.
ئەم تۆڕە ئاڵۆزەی گەندەڵی بە توندی بەستراوەتەوە بە ململانێی هێزە سیاسییەکانەوە کە لە ڕێگەی سیستمی پشکپشکێنەوە وەزارەتەکانیان دابەش کردووە و پارێزبەندی بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان دابین دەکەن. لە کاتێکدا دەستەی نەزاهە هەوڵی بەدواداچوونی ئەم دۆسیانە دەدات، لێکۆڵەر و دادوەرەکان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی جدی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەبنەوە، زۆربەی تۆمەتبارە سەرەکییەکانیش پێش دەستگیرکردنیان بە ڕەگەزنامەی دووەمەوە بۆ دەرەوەی وڵات ڕادەکەن.
لە نوێترین دۆسیەشدا، بە تۆمەتی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەهمی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەلا سەمیر جبووری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست، دەرکرا. لەلایەن خۆیەوە، زەهرا لوقمان ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی دروستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی خزمخزمێنە و گەندەڵی بەتایبەت لە دۆسیە داخراوەکانی بودجەی چاککردنەوە و گۆڕینی گرێبەستەکان لە پارێزگاکانی دیالە، ئەنبار و واسیت.
جگە لەم دۆسیەیە، ئێستا چوار بەرپرسی دیکەش لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە، یەکەمیان: فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق کە دۆسیەکەی پەیوەستە بە بەهەدەردانی زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار. هەروەها عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە دەست بەسەر دە ملیۆن دۆلار، 40 عەقارات و بڕێکی زۆر زێڕ و چەکدا گیراوە لە ماڵەکەیدا. سێیەمیان: پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی کە داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی لێکراوە بەهۆی تۆمەتی سەرانەستاندن. هاوکات جەمال کەربوولی پەرلەمانتاری پێشوو،: پابەندکراوە بە گێڕانەوەی 4.5 ملیۆن دۆلار کە پڕۆژەیەکی نەخۆشخانەی پێ تمویل کرابوو.