پایتەخت

ئەم کارە بکەن گەنمەکانتان ڕەتدەکرێتەوە

ئەم کارە بکەن گەنمەکانتان ڕەتدەکرێتەوە
کورتە

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر ڕێنماییەکی نوێ بۆ جووتیاران دەخاتەڕوو

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە جووتیاران و ڕایدەگەیەنێت، هەر بارە گەنمێک کە بە ژمارە مۆبایلێکی دووبارە نۆرەی بۆ گیرابێت، لە سایلۆکان وەرناگیرێت و خاوەنەکەی ناچار دەبێت پرۆسەی نۆرەگرتن لە خاڵی سفرەوە دەستپێ بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، تێبینیی ئەوە کراوە کە بەشێک لە جووتیاران یەک ئامێر یان یەک ژمارەی تەلەفۆن بۆ وەرگرتنی چەندین نۆرەی جیاواز بەکاردەهێنن، ئەمەش سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەی تووشی کێشەی تەکنیکی کردووە و بووەتە هۆی فەوتانی ماف و نۆرەی ڕاستەقینەی جووتیارانی دیکە.

 

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی سستەمی وەرگرتنی گەنم، هەر نۆرەیەک دەبێت تەنیا بە یەک ژمارەی مۆبایلی جیاواز تۆمار بکرێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت: "سیستەمەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ژمارە نادات، بۆیە کاتێک بارەکە دەگاتە سایلۆ، سستەمەکە بە ئۆتۆماتیکی ڕەتی دەکاتەوە و جووتیارەکە تووشی زیان و دواکەوتنی زۆر دەبێت".

 

هێمن سەید موراد ئامۆژگاریی جووتیاران دەکات بۆ پاراستنی کات و ماندووبوونیان، تەنیا ژمارەی تایبەتی خۆیان یان کەسوکاری نزیکیان بەکاربهێنن و دەڵێت: "بۆ ئەوەی گەنمەکانتان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەربگیرێت، مۆبایلی ئەو کەسانە بەکارمەهێنن کە پێشتر نۆرەی دیکەی پێ گیراوە."

20 حوزەیران 2026 17:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026