پایتەخت

قاسم ئەعرەجی دەبێتە ڕاوێژکاریی ئەمنی عەلی زەیدی

قاسم ئەعرەجی دەبێتە ڕاوێژکاریی ئەمنی عەلی زەیدی
کورتە

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی ئاڵوگۆڕی پۆستی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد

دوای گۆڕانکاری لە پۆستی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە کابینەکەی عەلی زەیدی دەمێنێتەوە و وەک ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام دەبێت.

 

20ـی حوزەیرانی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی ئاڵوگۆڕی پۆستی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد و قاسم عەبوودی لەشوێنی قاسم ئەعرەجی دەستبەکاربوو.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عەلی زەیدی بە ئامادەبوونی قاسم عەبوودی و قاسم ئەعرەجی، ستایشی شارەزایی و هەوڵەکانی ئەعرەجی کردووە لە بواری ئاسایشیی نیشتمانی و داواشی لێکردووە لەو بوارەدا بەردەوام بێت لە خزمەتکردن.


هاوکات میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، قاسم ئەعرەجی وەک ڕاوێژکاری ئەمنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کابینەی حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت.

 

قاسم عەبوودی کەسایەتییەکی یاسایی و کارگێڕییە، پێشتر بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان بووە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

 

ئەم گۆڕانکارییەش هاوکات بوو لەگەڵ ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری، لە پۆستە دەستبەکاربوو، کە پێشتر یەکێک بوو لە کاندیدەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

20 حوزەیران 2026 16:26
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026