پایتەخت

سەرۆک بارزانی و پارێزگاری بەغدا کۆبوونەوە

 سەرۆک بارزانی و پارێزگاری بەغدا کۆبوونەوە
کورتە

هەولێر دەبێتە مەکۆی کۆکەرەوەی پارێزگارانی عێراق.

سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری و گواستنەوەی ئەزموونی ئاوەدانیی هەرێم بۆ بەغدا و پارێزگاکانی دیکە تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی سەبارەت بە میوانداریکردنی "کۆنفڕانسی پارێزگارانی عێراق" لە شاری هەولێر، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی گرنگ و ئەرێنییە بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و کلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی، بنەمای هەرە سەرەکیی گەیشتنن بە بووژانەوەی گشتگیر لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

لەلایەکی دیکەوە عەتوان عەتوانی، وێڕای بەرز نرخاندنی مێژووی خەباتی گەلی کوردستان، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە بونیادنانی عێراقێکی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیریدا بە "مێژوویی و کاریگەر" وەسف کرد، پارێزگاری بەغدا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدان، نموونەیەکی شایستەیە بۆ ئەوەی لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق سوودی لێ ببینرێت.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر چۆنییەتی باشترکردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە تێیدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و تەبایی، ڕێگ خۆشکەرن بۆ هەر پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە.

20 حوزەیران 2026 15:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026