پایتەخت

هێمن هادییە سوور: مۆبایلەکەم بۆ شکاندنی پاسوۆرد ڕەوانەی بەریتانیا کراوە

هێمن هادییە سوور:  مۆبایلەکەم بۆ شکاندنی پاسوۆرد ڕەوانەی بەریتانیا کراوە
کورتە

هاواری هێمن هادییە سوور بۆ داواکاری گشتیی و دەستەی مافی مرۆڤ

هێمن هادیەسوور، دوای ئازادبوونی و نیشتەجێبوونی لە شاری هەولێر، بە فەرمی داوا لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکات دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگریکردن لە شکاندنی "کۆدی" مۆبایلە تایبەتییەکانی، کە بەپێی وتەی ئەو، لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە بۆ ئەو مەبەستە ڕەوانەی وڵاتی بەریتانیا کراون.

 

هادیەسوور لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە، ئاشکرای دەکات کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە زیندانی "کانی گۆمە"، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توندی جەستەیی بووەتەوە بە مەبەستی ناچارکردنی بۆ پێدانی پاسوۆردی دوو مۆبایلی جۆری ئایفۆن، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا مۆبایلەکانی ڕەوانەی بەریتانیا کراون تا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی تایبەتەوە لەو وڵاتە کۆدەکانیان بۆ بشکێنرێت، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی زەقی "مافی ئازادی کەسی" وەسف دەکات.

 

لە بەشێکی نامەکەیدا، هێمن هادیەسوور داوا دەکات دۆسیەیەکی یاسایی لە دادگایەکی بێگەرد بۆ ئەم بابەتە بکرێتەوە و دەڵێت: "بەوپەڕی سەربەرزیمەوە گەردنم لەئاستی یاسا و دادپەروەری نەوی بێت، ئەگەر لە هەر تاوانێک تێوەگلابم کە دژ بێت بە قەوارەی هەرێم، ناپاکی، تیرۆر، سیخوڕی، یان مادەی هۆشبەر."

 

 جەختیش دەکاتەوە کە ئامادەیە لەبەردەم دادگا ئامادە بێت، بەڵام ڕێگری بکرێت لەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەست بخرێتە ناو نهێنییە خێزانی و تایبەتییەکانی.


پاشخانی دەستگیرکردنی هێمن هادیەسوور دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووداوەکانی گەڕەکی "لالەزار" لە سلێمانی، کاتێک تۆمەتبار کرا بەوەی هاوکاری (هاوژین هادیەسوور)ی برای کردووە بۆ دەربازبوون لە شارەکە، کە ناوبراو یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی و لە شەڕەکەی لالەزاردا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببووەوە. هێمن باس لەوە دەکات کە لە ناو زینداندا بەهۆی پێ نەدانی پاسوۆردی مۆبایلەکانی، "قاچ و پەراسو و ددانەکانی" شکێنراون.

 

ئەم داوایەی هێمن هادیەسوور لە کاتێکدایە کە ناوبراو ئێستا لە دەرەوەی زیندانە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە وەک "کوردێکی ئازاد و مەدەنی" بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە مافە یاساییەکانی خۆی و هاوڕێکانی و ڕێگری کردن لە هەر هەوڵێک کە شکۆ و حورمەتی خێزانیی بکاتە ئامانج.

18 حوزەیران 2026 19:02
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026