بۆ یەکەمجار لەمساڵدا؛ دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکران
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر دەستنیشانکراون.
بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر تۆمارکران کە باوک و کوڕێکی هەمان خێزانن، وەزارەتی تەندروستیش ڕایدەگەیەنێت باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری هەولێر دەستنیشانکراون، کە پێکهاتوون لە باوک و کوڕێکی تەمەن 71ساڵ و 29 ساڵ و دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن.
سەبارەت بە هۆکاری تووشبوونیان، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە: "تووشبوونی ئەم دوو هاووڵاتییە بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵدا بووە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، کە بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین هەبووە."
تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردنیان، نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوتووە و ڕێکاری پزیشکییان بۆ گیراوەتەبەر؛ لە ئێستاشدا لە نەخۆشخانە خەوێندراون، بەڵام باری تەندروستیی یەکێکیان جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکاتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لەکاتی بوونی هەر گومانێک لەسەر ئاژەڵەکانیان، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە، هەروەها بەخێوکەرانی ئاژەڵیش لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەپەلە و بێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەمساڵدا دوای پشکنین بۆ چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنها ئەم دوو حاڵەتە لە ناو هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، جیا لەوەی دوو حاڵەتی دیکەش لە شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هێنراونەتە نەخۆشخانەکانی هەرێم.