پایتەخت

بەرگری شارستانی هەڵەبجە: لە 16 ڕۆژدا 30 ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە

بەرگری شارستانی هەڵەبجە: لە 16 ڕۆژدا 30 ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە
کورتە

بەرگری شارستانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماری شۆكهێنه‌ر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و هۆشدارییش به‌ هاووڵاتییان و جووتیاران و خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان ده‌دات.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە هۆشداری دا کە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و خنکان زیادیان کردووە و داوایه‌كی خێراشی له‌ هاووڵاتییان كرد.

ئه‌مڕۆ عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناحیەی خورماڵ ڕایگه‌یاند، تەنیا لە 16 ڕۆژی ڕابردوودا 30 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکە تۆمارکراون، ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە و پێویستی بە وشیاریی زیاتری هاووڵاتییان هەیە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی چەند ڕێنماییەکی ئاراستەی جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان کرد و جەختی کردەوە، کە دەبێت شۆفێرانی دەڕاسە تانکەرێکی ئاو و 3 تا 4 پاودەری کوژێنەرەوەیان پێبێت کە کێشیان لە 6 کیلۆگرام کەمتر نەبێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، جووتیاران مافی یاساییان هەیە سکاڵا لەسەر ئەو خاوەن دەڕاسانە تۆمار بکەن کە بەهۆی کەمتەرخەمی یان پشکنین نەکردنی ئامێرەکانیان دەبنە هۆی سوتانی دەغڵودانی خەڵک.

لە لایەکی دیکەوە، گله‌یی لەو قەرەباڵغییە کرد کە هاووڵاتییان لە کاتی ڕووداوەکاندا دروستی دەکەن و گوتی: لە ڕووداوەکەی دوێنێدا زیاتر لە 100 کەس کۆببوونەوە، ئەمەش ڕێگر بوو لەوەی تیمەکان بتوانن بەزوویی شۆفێرێکی گیرخواردوو ڕزگار بکەن.

17 حوزەیران 2026 14:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026