پایتەخت

پارتی چاکسازی تورکمان بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

پارتی چاکسازی تورکمان بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
کورتە

بەهۆی تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، تورکمانەکان داوای خێراکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن

پارتی چاکسازی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، چیتر ڕەوا نییە کارەکانی بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی کوردستان پەکبخرێت، داواش لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرژەوەندی باڵای گەل بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان و مێزی گفتوگۆ گەرم بکەنەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، پارتی چاکسازی تورکمان بە سەرۆکایەتی عەبدولقادر بازرگان، بانگەوازێکی ئاڕاستەی ڕای گشتی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. لە بانگەوازەکەدا نیگەرانییەکی قووڵ بەرامبەر بە درێژبوونەوەی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و دواخستنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نیشان دراوە.

 

پارتی چاکسازی تورکمان جەخت لەسەر پرسی جیاکردنەوەی ئەرکەکان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: "دروست نەبوونی کابینەی نوێی حکوومەت نابێت و نابێت ببێتە هۆکاری وەستاندنی کارەکانی پەرلەمان." ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە پەرلەمان لە ئێستاوە دەست بە ڕێکخستنی کارە ناوخۆییەکانی و پێکهێنانی لێژنەکان بکات.

 

لە بەشێکی تری بانگەوازەکەدا هاتووە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە تەنها زیان بە بژێوی، ژیانی هاووڵاتیان و پرۆسەی حوکمرانی لە هەرێم دەگەیەنێت، بۆیە داوا دەکەن بەرژەوەندی باڵای گەل بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تری حزبی و کەسییەوە.

 

لەکۆتاییدا، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان داوای لایەنەکان دەکات بە کاتێکی خێرا و بەرپرسیارانە بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی تەواوی دامەزراوە دەستوورییەکان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە داڕمانی زیاتری کات و دەرفەتەکان بکرێت.

17 حوزەیران 2026 18:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026