پایتەخت

ئامادەکاری بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران

ئامادەکاری بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران
کورتە

هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز؛ وردەکاریی ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێران

ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز دەستیان پێ کردووە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاریی نوێ دەربارەی ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو لە نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.

هێزی دەریایی ئەمریکا ڕێنمایی نوێی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەرکردووە تا خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە گەرووی هورمز ئامادە بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای ویندواڕد بۆ هەواڵگری دەریایی، لە ئێستادا زیاتر لە 600 کەشتی و نەوتهەڵگر لە بەندەرەکانی "خۆرفەکان" و "فوجەیرە" لە ئیمارات چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ دەکەن.


لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕێكی ئه‌مریكی بۆ چاودێری جووڵەی کەشتییەکان ڕایگەیاندووە، کە سێ نەوتهەڵگری ئێرانی (کە دووانیان ناویان دیونا و هێرۆ2ـە) بە بارستایی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت، گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکایان تێپەڕاندووە. ئەمە یەکەمین هەناردەی نەوتی ئێرانە دوای نزیکەی دوو مانگ لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا.

مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد کە واشنتن گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هەڵگرتووە. ئەم بڕیارە وەک ئامادەکارییەک دێت بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمی لە سویسرا، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و جەنگ واژۆ بکرێت.


به‌پێی زانیارییه‌كان، کردنەوەی تەواوەتی گەرووەکە کاتی دەوێت. پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە "مین" بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک ژێردەریایی بێفڕۆکەوان، ڕەنگە 40 تا 50 ڕۆژ بخایەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاتوچۆی ئاسایی بۆ چەند هەفتەیەک دوا بکەوێت.


ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕەشنووسی ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی تاران و واشنتنی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە، ڕێککەوتنە نوێیەکە پاکێجێکی دارایی گەورە بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئێران و ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەردا ئێران پابەند دەبێت بە پاراستنی ئازادیی گەشتە دەریاییەکان و سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دوای واژۆکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی هەینی، ماوەی 60 ڕۆژ وەک مۆڵەتی گفتوگۆ دیاری کراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و هەمیشەیی نێوان هەردوو وڵات.

 

17 حوزەیران 2026 10:12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026