یەکەمین شەپۆلی گەرمای سووتێنەر لە ڕێگەیە
گۆڕانکارییەکی گەورە لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی بواری کەشناسی، هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گەیشتنی یەکەمین شەپۆلی گەرمای هاوینە دەدەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە بکەن.
له ڕاگهیاندراوهكه هاتووه، كه ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 16-06-2026، کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت: ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 1-2 پلە بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە: هەولێر 35، پیرمام 31، سلێمانی 33، چەمچەماڵ 35، دهۆک 33، زاخۆ 36، هەڵەبجە 36، حاجی ئۆمەران 24، گەرمیان 39 پلەی سیلیزی.
ههروهها بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی كهشی سبهی چوارشهممه ئاشكرا دهكات و نووسیویهتی، سبهی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵەهەور. خێرایی با 5-20 کم لە کاتژمێرێکدا دەبێت و پلەکانی گەرما 2-3 پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبنەوە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشهممه: هەولێر 37، پیرمام 34، سلێمانی 35، چەمچەماڵ 37، دهۆک 37، زاخۆ 38، هەڵەبجە 38، حاجی ئۆمەران 26، گەرمیان 42 پلەی سیلیزی.
هەروەها هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ڕێکەوتی 13-06-2026 بڵاوی کردووهتهوه، دهڵێت: لە ڕووی فەلەکییەوە لە 21-06-2026 وەرزی هاوین دەست پێ دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووه، كه لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕێکەوتی 20-06-2026 شەپۆلێکی گەرمای بەهێز باشووری عێراق دەگرێتەوە و پلەی گەرما لە بەسرە دەگاتە 49-50 پلە.
به قسهی ئهو شارهزایهی كهناسی، کاریگەری ئەم شەپۆلە دەگاتە گەرمیان و لە کەلار پلەی گەرما 45-46 تێدەپەڕێنێت، بەڵام لە ناوچەکانی تری هەرێم گەرماکە بە شێوەیەکی تەدریجی بەرز دەبێتەوە و ئاسایی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر سلێمان عەبدوڵڵا، شارەزای کەشناسی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان 15 بۆ 30ی حوزەیراندا یەکەمین شەپۆلی گەرمای ڕاستەقینە ڕوو لە هەرێم دەکات.
ئەو شارەزایەی كهشناسی ڕایگەیاند، کە کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لە دوای 17ی حوزەیران دەردەکەون و لە نێوان 20 بۆ 22ی مانگ دەگەنە لووتکە، بە شێوەیەک پلەکانی گەرما 3 تا 5 پلە لە سەرووی تێکڕای ئاسایی دەبن. ناوبراو هۆکارهكهی بۆ قووڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی هیندی و دروستبوونی قوبەی گەرمی دەگەڕێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئهو شارهزایه، پلەی گەرما لە گەرمیان و کەرکووک دەگاتە 44-46 پلە و لە هەندێک کاتدا 48 پلە، هەروەها لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەگاتە 40-44 پلە.