ترەمپ و ئێران؛ گەمەیەکی نوێی سیاسی پێش هەڵبژاردن
کورتەی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ؛ ئەمریکا چۆن سازشی بۆ ئێران کرد؟
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕەخنەی توند لە ڕێککەوتنی نوێی نێوان واشنتن و تاران دەگرێت و بە پاشەکشەیەکی ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپی وەسف دەکات.
بەپێی شیکاریی ڕۆژنامەکە، ئیدارەی ترەمپ لەژێر فشاری ناوخۆیی و بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی پێش هەڵبژاردنەکان، سازشی بۆ ئێران کردووە و ڕێگەی داوە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە زیاد بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پرسە ئاڵۆزەکان بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دواخراون و لە ڕێککەوتنەکەدا باس لە بەرنامەی مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران نەکراوە.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی تواناکانی ئێران و داوا لە کۆنگرێس دەکەن بەوردی پێداچوونەوە بۆ ڕێککەوتنەکە بکات تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بگرێت.