نەبوونی پرد كۆتایی به ژیانی هاوڵاتییەک هێنا
بناری ئاسۆس؛ ئەو شوێنەی بۆ گەیشتن بە ماڵ دەبێت مەلە بزانیت.
نەبوونی پردی پەڕینەوە لە سنووری قەڵادزێ بووە هۆی خنکانی هاووڵاتییەکی تەمەن 62 ساڵان.
ئهمڕۆ محەممەد حوسێن، کە دانیشتووی گوندی خانەڵەیە لە بناری ئاسۆس، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە زێی بچووک بە مەلەکردن، شەپۆلەکانی ئاو بردیان و گیانی لەدەستدا.
بهپێی زانیارییهكانی پایتهخت میدیا، لەو ڕووداوەدا کەسێکی دیکە لەگەڵیدا بووە، بەڵام توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات.
ئەم ڕووداوه پەردە لەسەر کێشەیەکی گەورەی خزمەتگوزاری لادەدات؛ بناری ئاسۆس کە لە 14 گوند پێکهاتووە، تەنیا 1 پردی بۆ پەڕینەوە هەیە.
بەهۆی سەختی ناوچەکە و نەبوونی پردی پێویست، دانیشتووان ناچارن بۆ گەیشتنەوە بە ماڵەکانیان زۆر جار مەلە لە ناو شەپۆلە بەهێزەکانی زێی بچووکدا بکەن، ئەمەش مەترسییەکی بەردەوامی لەسەر ژیانی دانیشتووانی دەڤەرەکە دروست کردووە.