پایتەخت

چیتر لە کوردستانەوە ئۆتۆمبێل نانێردرێتە ئێران

چیتر لە کوردستانەوە ئۆتۆمبێل نانێردرێتە ئێران
کورتە

لەمەوبەدوا 5%ی نرخی ئۆتۆمبێل لە گومرگ وەردەگیرێت.

بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی لە کوردستانەوە مەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی بازاڕ و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی قەدەغە دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا بە ژمارە (7825)، گشتاندنی بۆ کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێ کردووە کە تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی بۆ وڵاتی ئێران.

ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕیارە پاراستنی باڵانسی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە هەناردەکردنی بە لێشاوی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نوێی 2024 و 2025 و 2026، کە لە ماوەی ڕابردوودا ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی، لەمەوبەدوا ڕێگە بە هیچ کۆمپانیایەک نادرێت ئۆتۆمبێلی خاوەن ژمارەی کاتی هەناردەی وڵاتانی دیکە بکات تاوەکو لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم تۆمار نەکرێت و ژمارەی تایبەتی لێ نەدرێت.

هاوکات، ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە هەناردە بکەن کە وەک ئۆتۆمبێلی تایبەتی تۆمارکراون بە هەموو مۆدێلەکانەوە، بە مەرجێک سەرەتا مۆڵەتی هەناردەکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێم وەربگرن.

لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەکەدا، بڕی 5% لە نرخی خەمڵێنراوی ئۆتۆمبێلەکە لە لایەن لیژنەی خەمڵاندنی گومرگییەوە وەک ڕسوومات وەردەگیرێت،  خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەش دەتوانێت دوای هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلەکەی، دواتر سوود لە تابلۆکەی وەربگرێتەوە.

لە کۆتایی نووسراوەکە جەخت کراوەتەوە، مانگانە چاودێریی نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕدا دەکرێت و ئەگەر بڕیارەکە کاریگەریی نەرێنیی هەبێت، ئەوا هەڵسەنگاندنی نوێی بۆ دەکرێتەوە. ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی 15ی حوزەیرانی 2026وە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

11 حوزەیران 2026 12:54
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026