22 وڵات هەڕەشە لە ئێران دەکەن
ئوسترالیا بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند و لەگەڵ 20 وڵاتی دیکە، دژی هێرشەکانی ئێران دەوەستێتەوە.
زیاتر لە 20 وڵات سەرکۆنەی کردەوە تیرۆرستییەکانی ئێران دەکەن و داوا دەکەن دەستبەجێ بووەستێت.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەرییەک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیا، کە ژمارەیان 22 وڵات دەبێت، هۆشداری تووندییان بە ئێران دا و جەختییان کردەوە، کە دەبێت "ئێران دەست لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانیان لە نێو خاکی خۆیان هەڵبگرێت."
ئەم وڵاتانە ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی تاوانبار و مافیای جیهانی و ناوخۆی بەکرێ دەگرێت تا پلانی کوشتن و تیرۆستی لە ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیا دابڕێژن. جەختیش دەکەنەوە کە "هەوڵی کوشتن، ڕفاندن، گێچەڵپێکردن، یان هەر هێرشی دیکە لە نێو خاکیان بۆ سەر هاووڵاتییانیان لە سەروەری وڵات و بنەما نێودەوڵەتییەکان کەم دەکاتەوە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ بووەستێندرێن."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ئەم وڵاتانە گرووپی تووندڕەوی "حەرکەتی ئەسحاب ئەلیەمین ئەلئێسلامییە" سەرکۆنە دەکەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت و لەم دوایانەدا، بە ئاشکرا بەرپرسیارەتی چەندین هێرشییان بۆ سەر کۆمەڵگەی جووەکان لە بەریتانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا گرتەئەستۆ.
لەلایەکی دیکەوە، ئوسترالیا بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە، باڵیۆزی ئێرانی وڵاتەکە دەرکرد و باڵیۆزخانەی خۆیشی لە ئێران داخست، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتاکەی بە فەرمانپێکردن و هەماهەنگیکردن لە دوو هێرشی "دژ جوو" لە نێو خاکەکەیان تۆمەتبار کرد، هێرشەکان بریتی بوون لە سووتاندنی کەنیسەیەک لە شاری مێلبۆرن و کافێیەک لەشاری سیدنی.