مەسرور بارزانی کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە تەواوی کوردستان دەهێنێت
دیدگای مەسرور بارزانی بۆ کەرتی ئاو؛ کۆتاییهێنان بە قەیرانی بیرەکان و ژیاندنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، ستراتیژییەکی نوێ و هەمەلایەنی بۆ بەڕێوەبردن، پەرەپێدان و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان گرتووەتەبەر. لە پێناو دابینکردنی ئاوی خاوێن و کۆتاییهێنان بە کێشەی کەمئاوی، دەیان پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی خراونەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، پێشتر لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ئیفراز 1، 2 و 3، زیاتر لە 1400 بیری ئاو بۆ هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری دابین دەکرا، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، توانراوە نزیکەی 930 بیر ڕابگیرێن و ئاو بۆ ئەو شوێنانەش دابین بکرێت کە دەکەونە سەر شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ڕۆژانە 350 هەزار بۆ 370 هەزار مەترسێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییانی پایتەخت دابین دەکرێت. تەنیا چەند شوێنێکی کەم ماوە ببەسترێنەوە بە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێراوە، بۆیە ئێستا هیچ کێشەیەکی کەمئاوی لە هەولێردا نییە.
ئاری ئەحمەد ڕێژەی پێشکەوتنی پڕۆژە گرنگەکانی دیکەی هەرێمی لە کابینەی نۆیەمدا بەمشێوەیە خستەڕوو:
پڕۆژەی ئاوی بارزان: نزیکەی 100%ی تەواو بووە.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ: 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: 60%ی جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ: 37%ی کارەکانی تەواو بووە.
پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: 11%ی جێبەجێ کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، لەم هەفتەیەدا یەکەم قۆناغی کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان - سلێمانی بە فەرمی دەست پێ دەکات.
ئاری ئەحمەد جەختی کردەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی تایبەتی بە شێوازی بەکارهێنان و پاراستنی سامانی ئاو داوە. کار بۆ ئەوە دەکرێت سیستمی بەکارهێنانی ئاو لە شێوازی هێڵییەوە (کە تێیدا ئاو لە ڕووبارەوە وەردەگیرێت و دوای پاڵاوتن و بەکارهێنان دەبێتەوە بە ئاوەڕۆ و دەچێتەوە ڕووبار) بگۆڕدرێت بۆ شێوازی بازنەیی.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئاوەکە دوای بەکارهێنان دووبارە ڕیسایکڵ دەکرێتەوە و بۆ ئاودانی سەوزایی و پارکەکانی ناوشار، کەرتی جوتیاری و کشتوکاڵ، و لە داهاتووشدا بۆ کەرتی پێشەسازی بەکاردەهێنرێتەوە.
لهلایهكی دیكهوه جێگهی ئاماژهیه، كه له ئێستادا پڕۆژەی وێستگەی ئاوی قورسی هەولێرییش چووهته بواری جێبهجێكردنهوه. ئەم پڕۆژە گەورەیە بە گوژمەی 288 ملیۆن دۆلار و لە ڕێگەی ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنییەوە بە دوو قۆناغ دەستی بە کارەکانی کردووە، کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی ژینگە و پاککردنەوەی ئاوی قورسی پایتەختدا دەبینێت.
ئەمە لەکاتێدایە، لەسەر بنەمای ستراتیژییەتی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی کۆتاییهێنان بە کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، دوای سەرکەوتنی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کارەکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی ئاوی سلێمانی دەستیان پێکردووە. کۆمپانیای جێبەجێکار لە ئێستادا خەریکی ڕێگەخۆشکردنە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەمپی تایبەتی پرۆژەکە دابمەزرێنێت و لە دوو مانگی داهاتوودا پرۆژەکە بە خێراییەکی پێوانەیی بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە.
سەرۆکوەزیران بە گرنگییەوە بڕیاری داوە لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، بودجەی پێویست بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانی ئاو تەرخان بکرێت؛ بەو ئامانجەی هاوشێوەی هەولێر، بە تەواوی کۆتایی بە گرفتی کەمئاوی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بهێنرێت.
بهپێی زانیارییهكان، پرۆژەکانی ئاوی (دووکان - سلێمانی، گۆپتەپە، خەبات و سۆران) خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوە خێرایانە، نیشانەی سووربوونی حکومەتە لەسەر پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە شێوازێکی یەکسان بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.