عێراق لە دەرگای سووریا دەدات
سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەک بۆ سەرۆکی سووریا دەنێرێت و داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکات
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ داڕشتنەوە و جێگیرکردنی هاوسەنگییە سیاسی و ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق قۆناغێکی نوێیان بەخۆوە دەبینێت. ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕووبەڕوبوونەوەی ئالنگارییە هاوبەشەکان دەکاتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرای کردووە، نامەکەی زەیدی لەلایەن حەمید ڕەشید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقەوە گەیەندراوەتە دەست سەرۆکی سووریا
لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکەی زەیدی بۆ شەرع، ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخەتی کردووەتەوە لەسەر، بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی دووقۆڵی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داڕشتنی میکانیزمی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە هەردوو کەرتی ئاسایش و ئابووریدا.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی سووریا پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری بەردەوام لەگەڵ بەغدا دووپاتکردووەتەوە، بەتایبەت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵۆزییە نوێیانەی کە بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە هاتوونەتە ئاراوە.
دیارترین هۆکاری گرێدراوی نێوان بەغدا و دیمەشق پرسی ئاسایشی سنوورەکانە، کە درێژییەکەی نزیکەی 600 کیلۆمەترە. لە دەیەی ڕابردووش، هەردوو وڵات بەدەست هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانەوە ناڵاندوویانە و هەردوولاش لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزی ئەمنی و هەواڵگریین بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانیان.
هاوکات لە ڕووی ئابوورییەوە، سووریا دەروازەیەکی گرنگی عێراقە بۆ دەریای ناوەڕاست، و عێراقیش بازاڕێکی گەورەیە بۆ کاڵا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سووریا. هەروەها دۆسیەی ئاو (ڕووبارەکانی فورات و دیجلە) و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و نەوت، لەو بابەتە ستراتیژییانەن کە وا دەکەن پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان پێگەیەکی تایبەتی هەبێت لە کارنامەی هەردوو حکومەتدا بۆ زاڵبوون بەسەر گەمارۆ و قەیرانە داراییەکاندا.
بۆیە لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بڕیارێکی لەبارەی کەرتی نەوت و هەمەجۆکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن پەسند کرد لە ڕێگەی بەندەرەکانی تەرتوس و بانیاسی سووریاوە لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئەویش ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەست لەگەڵ لایەنی سووریا واژۆ بکات بە مەبەستی گواستنەوە، کۆگا کردن و مامەڵەکردن بە بڕێکی دیاریکراو لە نەوتی خاوی بەسرە، لەگەڵ کردنەوەی نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی تایبەت بە وەزارەتی نەوت لە سووریا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی پڕۆسەکانی هەناردەکردن لبکات.
بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و کەمبوونی داهات بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوت، عێراق بە ناچاری پەنای بردووەتە بەر دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی باشوور، بۆ ئەوەی تەواوی ئابووری وڵاتەکەی تەنها یەک دەروازەی ئاوی کە گەرووی هورمزە نەبەستێتەوە. ئەم هەنگاوەش بۆ هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا سەرچاوەیەکی دارایی گەورە دەبێت لە ڕێگەی وەرگرتنی کرێی تێپەڕین (ترانزێت) و کۆگا کردن لەلایەن دیمەشقەوە، جگە لە ئەگەری بەدەستهێنانی نەوت بە نرخی هەرزانتر بۆ پاڵاوگەی بانیاس.