لە هەولێر گەورەترین ناوەندی گەنجان لە جیهاندا کرایەوە
ڕووبەری ناوەندەکە شەش هەزار مەتر چوارگۆشەیە و چەندین بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت.
لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ پەرەپێدانی مرۆیی و تواناکانی گەنجان، گەورەترین ناوەندی گەنجان لە هەولێر لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرایەوە و بەشە جیاوازەکانی سەنتەرەکەی بەسەرکردەوە و چاوی کەوت بە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان.
ناوەندنی گەنجان لە هەولێر کە لەلایەن کوردستان فاوندەیشنەوە بۆ خزمەتی گەنجان کراوەتەوە، بە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت. ناوەندەکە لە تەلارێکی سەردەمییانەی پێشکەوتوو بە تەکنەلۆژیای زانیاری و ژیری دەستکرد لەسەر ڕووبەری شەش هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، بە سیستەمێکی نێودەوڵەتی و بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوەدەبرێت تا وزەی گەنجان بەرەو کارسازی و تەکنەلۆجیا ئاڕاستە بکات و سوود لە داهێنانەکانیان وەربگیرێت.
ناوەندی گەنجان لە هەولێر لە ماوەی کارکردنی ئەزموونی خۆیدا، سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمارکردووە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 129 هەزار سەردانیکار لەو ماوەیەدا سەردانی بەشە جیاوازەکانی ناوەندەکەیان کردووە و بە فەرمیش زیاتر لە هەزار و 400 گەنجیش بوونەتە ئەندام لە ناوەندەکە.
لە ناوەندەکەدا، کتێبخانەیەکی مۆدێرنی گەورە کە زیاتر لە 12 هەزار ناونیشانی کتێبی جیاوازی لە خۆگرتووە، ئامادەکراوە بۆ سوودی گەنجان و سەردانیکارانی ناوەندەکە، هاوکات چەندین خزمەتگوزاری و خولی جۆراوجۆر بێبەرامبەر بە گەنجان پێشکەش دەکرێت.
کەمپی ناوەندی گەنجان لە هەولێر، سەرەڕای گەورەیی تەلا و ڕووبەڕەکەی بە شێوازێکی یەکگرتوو دیزاین کراوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو پێداویستییە تەکنیکی و پیشەیییەکان لەیەک شوێندا. لە بواری تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، هۆڵی تایبەت بە فێربوونی پڕۆگرامسازی، داتا و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لەخۆدەگرێت. هەروەها لە بواری میدیا و بەرهەمهێناندا، ستۆدیۆی پێشکەوتوو بە نوێترین ئامێر بۆ کاری دەنگی، ڤیدیۆیی، فۆتۆگرافی و گرافیک دیزاین ئامادەکراوە.
ناوەندی گەنجان لە هەولێر وەک کۆمەڵگەی هاوکاریکردن وایە کە ژینگەیەکی تەندروستی دابینکردووە بۆ کاری هاوبەش و فراوانی گەنجان تا بتوانن پێکەوە کار لەسەر پڕۆژە داهێنەرەکانیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، سەکۆیەکە بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندیەیکان بەتایبەتی لەگەڵ پلاتفۆڕمە ستراتیژییەکانی دیکەی کوردستان فاوندەیشن، وەک Jobs.KRD بۆ دۆزینەوەی کار کە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو هەزار هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساند، لەگەڵ Volunteer.KRD بۆ کاری خۆبەخشی کە زیاتر لە نۆ هەزار خۆبەخشی تۆمارکراوی هەیە.