کازم ساهیر یادگارییەکی لە کوردستان دەگێڕێتەوە
کازم ساهیر باسی لە ڕژێمی پێشووی عێراق دەکات کە بۆ وتنەوەی وانەی عەرەبی ناردوویانەتە گوندەکانی کوردستان
لە نوێترین پۆدکاستیدا لەبارەی ژیانییەوە، هونەرمەندی ناسراوی عێراق و جیهانی عەرەبی، کازم ساهیر باس لە یادگارییەکی خۆی لە گوندێکی کوردستان دەکات و داندەنێت بە ڕاستییەکی سیاسەتی ڕژێمی پێشوو دژ بە کورد.
لە پۆدکاستی ئەی بی تۆڵکس، کە ئەنەس بوخەشی ئیماراتی پێشکەشی دەکات، کازم ساهیر باس لە سەختییەکانی ژیانی دەکات لە کاتی جەنگدا و دەڵێت: ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ سەربازیی ناچاری کردووە کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە 20 ساڵان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ساهیر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی هەبووە، سێ ساڵ پێش چوونە ناو بەرەکانی جەنگ، لەلایەن دەسەڵاتی سەربازیی ئەو کاتەوە ڕەوانەی گوندە دوورەدەستەکانی کوردستان کراوە بۆ وانەوتنەوە و تەعریبکردنیان. زیاتر دەڵێت: "ئێمەیان دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی عەرەبییان فێر بکەین، بۆ ئەوەی وانە بە برا کوردەکانمان بڵێین لە گوندەکاندا".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، کازم ساهیر باس لە لایەنی مرۆیی و کاریگەریی دڵپاکی خەڵکی کوردستان دەکات کاتێک لە گوندەکان بووە و دەڵێت: "بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو خەڵکە سوودیان بە منیش گەیاند لە گوندەکەدا بەو میهرەبانییەی کە هەیانبوو. منیش زۆر شت لەوانەوە فێربووم. من عودەکەمم لەگەڵ خۆم دەبردە ئەو گرد و تەپۆڵکانە و دادەنیشتم ئاوازم دەنووسی".
لەم پۆدکاستەدا، کازم ساهیر لە گێڕانەوەی یادگارییەکانیدا لە باسی ناردنی مامۆستای عەرەب بۆ ناوچەکانی کوردستان، دانپێدانانی ئەو ڕاستییەیە لەسەر ئەو سیاسەتەی ڕژێمی پێشووی بەغدا بۆ دژایەتیکردنی زمانی کوردی و تەعریبکردنی کوردستان پەیڕەوی دەکرد، بەڵام میهرەبانی و کولتووری بەرزی کورد، لەناو قوتابخانەیەکی لە قوڕ دروستکراودا، ئەو هونەرمەندە عێراقییەیان فێری مرۆڤایەتی کردووە.