پایتەخت

ئەجێندای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکرێت

ئەجێندای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکرێت
کورتە

عەلی زەیدی بۆ یەکەمینجار دەچێتە کۆشکی سپی و ترەمپ دەبینێ

حکومەتی عێراق ئامادەکارییە فەرمییەکانی بۆ یەکەمین سەردانی دەرەوەی وڵاتی سەرۆکوەزیرانی نوێ، عەلی زەیدی، بۆ ئەمەریکا دەستپێکردووە، کە بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجامی بدات. ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوودا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستەکەی لە زەیدی کردبوو.


لەلایەن خۆیەوە، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا وردەکاری و سەردانی چاوەڕوانکراوەکی عەلی زەیدی بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەجێندای سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە پێشخستنی کەرتی ئابووری، چاکسازی دارایی و پاراستنی سەقامگیری ئەمنی.


عەبوودی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن شاندێکی باڵای حکومی، بازرگانان، خاوەنکاران و سەرۆکی بانکە تایبەتەکانی عێراق هاوڕێیەتی دەکرێت بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاستەوخۆ بۆ کەرتی تایبەت تاوەکو بتوانن لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە گەورەکانی ئەمەریکا کۆببنەوە و گرێبەستی هاوبەش ئیمزا بکەن، ئەمەش لەپێناو بووژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتی گشتی.


هاوکات عەلی زەیدی لە سەردانەکەی بۆ واشنتن، جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترمپ لە کۆشکی سپی، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا لە وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و گەنجینە کۆدەبێتەوە لەبارەی ئەو چاکسازییە بانکیانەی کە کابینەکەی دەستی پێکردوون، شانبەشانی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دارایی و سپیکردنەوەی پارە، گفتوگۆ دەکەن و داواش لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، غاز، و کارەبا لە عێراق کاربکەن.


خاڵی بەهێزی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا، دووپاتکردنەوەی ستراتیژیەتی حکومەتەکەیەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا و سنووردارکردنی جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە پێناو سەقامگیری ناوخۆیی و هەرێمی.


بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی، ئەم سەردانەی زەیدی بۆ واشنتن دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ دیپلۆماسییەت و ئابووری حکوومەتەکەی، لە کاتێکدا عێراق دەیەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیری ناوخۆییدا دروست بکات و هەوڵی ئەوەش دەدات، پێش وادەی سەردانەکەی، پۆستە وزارییە بەتاڵەکانی کابینەکەی پڕ بکاتەوە و لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەکدانانی گرووپە چەکدارییەکان، بەرەوپێشچوونی زیاتر بەدەستبهێنێت.

10 حوزەیران 2026 21:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026