پایتەخت

مەسرور بارزانی: داواکردنی 120 ملیار دینار لەلایەن بەغدا بڕیاری کەسی بوو نەک بنەمای زانستی

مەسرور بارزانی: داواکردنی 120 ملیار دینار لەلایەن بەغدا بڕیاری کەسی بوو نەک بنەمای زانستی
کورتە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: ئێمە لەگەڵ داخوازی خەڵکی کوردستانین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی لە پرسی مووچە کە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت و گوتیشی: ئومێدەوارن کە ئەو لێکتێگەیشتنە بگاتە ڕێککەوتن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دووپاتکردەوە بۆ یارمەتیدانی بەغدا لە زیادکردنی داهات.


لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکە هەیە، داهاتی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان کەمیکردووە و ئێستا لە رێگەی زیادکردنی هەناردەی نەوت و بازرگانییەوە، لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە داهات زیادبکەن، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گرێنتییان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە.


سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێدەوارن ئەو تێگەیشتنە هاوبەشەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیانە لە بواری بازرگانی و سیستەمی ئەسیکۆدا، بگاتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی پرۆسەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی ناوخۆ و سوودی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەیە.


هاوکات لەبارەی دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئەو ناوەندە هاوبەشەش تەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو بۆ خستنەڕووی بیرۆکە و پێشنیازیشە بۆ ئەوەی ئیشوکارەکان بە خێرایی زیاتر بەڕێوەبچن و کێشەکان لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکەن و یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.


لەبارەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە کە بە ئومێدەوە لە پەیوەندییان لەگەڵ کابینەکەی عەلی زەیدی دەڕوانن و هیواشی خواست پەیوەندییان بەو ئاستە باشەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت و باشتریشی بکەن، زیاتر گوتیشی: تێگەیشتنی هاوبەش هەیە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی مووچەی هەموو خەڵکی عێراق و تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.


لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی 120  ملیار دینارەکە باسی لەوەکرد، کاتی خۆی دیاریکردنی ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەسەر بنەمای بڕیارێکی کەسی بووە و هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە، بەڵکو ئەوەی یاساییە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت بە حکومەتی فیدراڵی، بەڵام بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوت و پەلاماردانی کێڵگە نەوتییەکان و دابەزینی ئاستی بارزگانی بەهۆی سیستەمی ئەسیکۆدا، ئێستا هەرێمی کوردستان ناتوانێت 120  ملیار دینارەکە دابین بکات بۆیە پێشتر و ئێستاش ئەو پێشنیازە هەبوو کە بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوە، داهاتی فیدراڵی دیاری بکرێت و ڕەوانەی بەغدا بکرێت، بۆیە داوا دەکەین بەوشێوەیە بەردەوام بێت تاوەکو داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوکات هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت لە دابینکردنی داهاتی زیاتر.


هەرچی تایبەتیشە بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانی کردەوە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی لایەنەکان بۆ ئەو کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و دووپاتیشی کردەوە، ئەوان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێن کە ئەمە داخوازی هەموو خەڵکی کوردستانیشە.

10 حوزەیران 2026 18:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026