مەلا بەختیار وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دایەوە
پەیامێکی تووندی مەلا بەختیار، سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی دەهەژێنێت.
مەلا بەختیار لە وەڵامنامەیەکی تووندا بۆ بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەو پاسەوانی مێژووی شەهیدان و نهێنییە هەژێنەرەکانی یەکێتییە و سەرەڕای بوختانی سەرکارەکانی ئێستای حیزبەکە، بەهۆی مۆڕاڵی سیاسییەوە نهێنییەکانی نەدرکاندووە.
ئەمڕۆ مەلا بەختیار وەڵامی نامەی بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی دایەوە و ڕایگەیاند، بە ئەنقەست وەڵامەکەی دواخستووە تاوەکو لەم یادە مێژووییەدا هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت.
مەلا بەختیار نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی لە پلە و پۆست و پرەنسیپی حیزبایەتی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی جیاوازە، بەڵام شەرەفمەندانە سیاسەت دەکات و نە ئامادەیە لایەنە گەشەکانی مێژووی هاوبەشی بفرۆشێت و نە لە کێلستانی شەهیدان هەڵدەگەڕێتەوە.
لە بەشێکی تووندی نامەکەی مەلا بەختیار هاتووە، سەرەڕای ئەو بوختان و پڕوپاگاندانەی لە لایەن پەیجە فەیکەکانی یەکێتی و بەرپرسانی ئێستایەوە دژی دەکرێت، ئەو بەهۆی مۆڕاڵی سیاسیی خۆیەوە پاسەوانی نهێنییە مێژوویی و هەژێنەرەکانی یەکێتی دەکات و نایاندرکێنێت.
لە کۆتاییدا مەلا بەختیار ڕایگەیاند، ئەوان لە دەیان مەرگ و کودەتا مام جەلالیان پاراستووە، جەختیشی کردەوە کە مێژوو خۆی ڕاستییەکان یەکلا دەکاتەوە.