زیاتر لە 41 ملیار دینار گەیشت
41 ملیار و 450 ملیۆن دینار وەک شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا.
بڕی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینار وەک شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێم گەیشتووە، بەڵام بەهۆی ڕێکاری چەکەکانەوە پڕۆسەکە لە سلێمانی کەمێک دوادەکەوێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەو بڕە پارەیە، پشکی پارێزگای سلێمانی 16 ملیار و 888 ملیۆن دینارە، پشکی هەولێر 13 ملیار و 717 ملیۆن دینارە، و پشکی پارێزگای دهۆکیش 10 ملیار و 800 ملیۆن دینارە.
نەسرین ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، جووتیارانی پارێزگای هەولێر دەتوانن لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە 14-6-2026 دەست بە وەرگرتنی پارەکانیان بکەن، بەڵام پڕۆسەی دابەشکردنی پارەکە لە سلێمانی کەمێک دوادەکەوێت، چونکە ڕێکارەکان پێویستیان بەوەیە چەکەکە ڕەوانەی بەغدا بکرێتەوە و دوای تەواوبوونی مامەڵەکان بگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە و لە داهاتوودا خەرج دەکرێت.