پایتەخت

هەولێر بۆ بەغدا: گۆڕانکاری لە 120 ملیارەکە بکەن

هەولێر بۆ بەغدا: گۆڕانکاری لە 120 ملیارەکە بکەن
کورتە

لەسەر داهاتی نانەوتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوایەکی پێشکەشی بەغدا کرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پێداچوونەوە بەو بڕە پارەیەدا بکات کە مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵ دیاریکراوە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری پێکهێنانی دەستەیەکی باڵای وەزاری هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا پەسەندکرا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوازێکی دامەزراوەیی.

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دووپاتکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێمەوە خێرا بکەن.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنان زیاد بکەن، دوای ئەوەی بەغدا بەڵێنی پاراستنی ئاسایشی کەرتی وزە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی داوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی ڕاپۆرتی داهاتی 5 مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی خستەڕوو کە بەهۆی جەنگی ناوچەکە و سیستەمی ئەسیکۆداوە زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.

 بەم هۆیەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای لە بەغدا دەکات، پێداچوونەوە بە بڕی 120 ملیار دینارەکەدا بکات کە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ دیاریکراوە، هاوکات داواکرا لە نزیکترین دەرفەتدا لەیەک تێگەیشتنی مانگی نیسانی تایبەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان پەسەند بکرێت بۆ بووژاندنەوەی بازاڕ.

10 حوزەیران 2026 17:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026