هیچ لایەنێک گلەیی لە کارکردنی ئەم کابینەیە نەکردووە
هیچ لایەنێک بە فەرمی گلەیی لە شێوازی پێکهێنانی حکومەت نەکردووە
پەرلەمانتارێکی کوردستان لە پەیامێکی نوێدا هەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی خزمەتگوزاری و سیاسیی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و تیشک دەخاتە سەر گرنگترین ئەو دەستکەوتە کارگێڕی و چاکسازییانەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی جێبەجێ کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە مونا قاوەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، گەلی کوردستان لە پێناو ماف و ئازادییەکانی خۆیدا قوربانیی زۆری داوە، بۆیە شایستەی ئەوەیە بەرژەوەندیی گشتی بخرێتە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتەکان و نابێت بە چەند ململانێیەکی حزبی غەدر لەم گەلە بکرێت.
مونا قاوەچی باسی لەوە کرد، ئەزموونی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەلماندی کە حکومەتێکی بنکەفراوان و هاوبەش دەتوانێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ بڕیارە گرنگەکان دابین بکات، کە تا ئێستاش هیچ لایەنێکی سیاسی بە شێوەیەکی ڕوون گلەیی لە شێوازی پێکهێنان و کارکردنی ئەو کابینەیە نەکردووە.
مونا قاوەچی تیشکی خستووەتە سەر گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەو قۆناغە و ڕایگەیاندووە کە پەسەندکردنی یاسای چاکسازی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نوێکردنەوەی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەی مونا قاوەچی هاتووە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چارەسەری کێشەی کەمی ئاو و کارەبا، دروستکردنی ڕێگاوبان، و ئەلیکترۆنیکردنی زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، هەموویان لە پێناو ئاسانکاری و خزمەتکردنی باشتر بە هاووڵاتییان ئەنجام دراون.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ڕوونیکردەوە، یەکڕیزی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، کە ئێستا کاتی ئەوەیە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی و ڕاستگۆیی لەگەڵ گەل پەرە بە هەرێمی کوردستان بدرێت، چونکە مێژوو ناوی ئەوانە دەنووسێتەوە کە بەرژەوەندیی نیشتمانیان خستووەتە پێش هەموو شتێکەوە.