پایتەخت

جیاوازی هەردوولا زۆر گەورەیە

جیاوازی هەردوولا زۆر گەورەیە
کورتە

ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت وەک هەولێر 24 کاتژمێر ئاو بۆ خەڵکەکەی دابین بکات

جیاوازیی گەورەی نێوان کارنامەی خزمەتگوزاریی پایتەخت و قەیرانە بێ کۆتاییەکانی زۆنی سەوزە، هاووڵاتییانی هەولێر بە درێژایی 24 کاتژمێر ئاویان هەیە، بەڵام لە سنووری سلێمانی بەهۆی لاوازیی ژێرخان و کێشە بەردەوامەکانەوە، بە 4 ڕۆژ جارێک ئاو دابەش دەکرێت.

 

هەولێر خاوەنی سێ پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئیفرازە؛ ئیفراز یەک لە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو لە ساڵی 1982 و ئیفراز سێ کە لە ساڵی 2007دا کەوتووەتە کار، بە تەواوی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن.

 

لووتکەی سەرکەوتنی پایتەخت لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێردا دەردەکەوێت، کە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە. ئەم پڕۆژە مەزنە کە لە 8ی ئەیلوولی 2024 بەردی بناغەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا.

 

ئەم پڕۆژەیە توانای هەیە لە ڕۆژێکدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بپاڵێوێت، پڕۆژەکە لە هەر کاتژمێرێکدا 20 بۆ 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن دەنێرێت، کە ئەمەش 60٪ی پێویستیی هەولێر بە ئاو دابین دەکات و 40٪ەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفرازەوە دابین دەکرێت. 

 

لە لایەکی دیکەوە بە چوار هێڵی سەرەکی لە نێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری جێبەجێ کراوە، و گەڕەکەکانی دەرەوەی ئەو شەقامانە لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران بە تەواوی لێی سوودمەند دەبن و کێشەی کەمئاوییان بۆ هەمیشە بنبڕ کراوە.

 

لە بەرامبەر ئەم شۆڕشە خزمەتگوزارییەی پایتەختدا، ئاوی سلێمانی لە ناو شکستی بەڕێوەبردندا دەخولێتەوە، هەرچەندە لە ساڵانی 2007 بۆ 2009 بەشێکی کارگەی پاککردنەوەی ئاو و ستەیشنەکانی پەمپکردن بە ئامانجی دابینکردنی ئاو بۆ سلێمانی و دەوروبەری جێبەجێ کرا، بەڵام ئێستا هەردوو هێڵەکە پێکەوە تەنها نزیکەی 193 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا دابین دەکەن، کە ئەم بڕە بە هیچ شێوەیەک بۆ پێداویستییەکانی سلێمانی تەواو نییە.

 

پاشەکشە و خاوی ئیداریی سلێمانی گەیشتووەتە ئاستێک، تەنانەت ناتوانن هێڵە کۆنەکانیش بپارێزن، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ پایتەخت میدیا دانی بەوەدا نا، لە ئێستادا کێشەی تەکنیکی لە پڕۆژەی ئاوی دوکان - سلێمانی هەیە، بەهۆی ئەم کێشە کارگێڕی و تەکنیکییانەوە، هاووڵاتییانی سلێمانی غەدریان لێ دەکرێت و دەبێت بە چوار ڕۆژ جارێک چاوەڕێی دڵۆپێک ئاو بن. 

 

هاوکات ئەم بەراوردە حاشاهەڵنەگرە دەیسەلمێنێت کە هەولێر لە سایەی پڕۆژەکانی سەرۆکی حکومەتدا لە نیعمەتی 24 کاتژمێری ئاودایە،  سلێمانیش لە ژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتیی دا بەرەو تینووکردنی زیاتری خەڵکەکەی دەچێت.

07 حوزەیران 2026 18:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026