وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شەش ئامادە دەکات
وەزارەتی دارایی ئەم مانگە زووتر دەستی بە ڕێکارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچە کردووە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە ڕێکارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد و هەفتەی داهاتووش، دوای تەواوکردنی کارەکانی پرۆسەی وردبینی، ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، سیستەمی پەیرۆڵ کە بریتییە لە سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئامادەکردنی مووچە، بۆ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان کارا کردووە و داوای لێکردوون لە ماوەی دوو ڕۆژدا کارەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی مووچەخۆران تەواو بکەن.
هاوکات دوای تەواوکردنی کارەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن یەکەکانی دارایی لە وەزارەت و فەرمانگەکان، پرۆسەی وردبینیکردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئەنجام دەدرێت و ئامادەکردنی لیستی مووچەش هەر لە ماوەی ئەم هەفتەدا کۆتاییدێت و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی شەش و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێنج ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.
دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت و دوانەکەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم مانگە زووتر هەستاوە بە ئامادەکارییەکان بۆ ڕەوانەکردنی لیستی مووچە لە کاتی خۆیدا و دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دوانەکەوێت.