چاڵێنجی سەنگەر كانەبی گەورە بۆ بافڵ تاڵەبانی
بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی دەکات.
سەنگەر كانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک داوایەکی لە بافڵ تاڵەبانی کرد، میوانەکانی لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی بهێنێتە هەولێر و لای ئەو پڕۆژانەی حکومەت، تا ببینن "خەڵک بۆ یەك ملیۆن دەنگی دا حزبە خزمەتگوزارەكەی سەرۆكی حکومەت و پلانی پڕۆژە ناوازەكانی داهاتووش دەبینن، تێدەگەن كە حكومەت و پارتەكەی كاک مەسرور بارزانی شایەنی دوو ملیۆن دەنگن."
دەقی نوسراوەکەی سەنگەر كانەبی گەورە:
با ئە من پێت بڵێم میوانەكانت كێوە ببەی، میوانەكانت بە كوچە و كۆڵانەكانی شار مەگێڕە، ئەوانە پیاوی سیاسەتمەدار و ئاقڵمەندن، زۆر باش یەك ملیۆن دەنگی پارتەكەی سەرۆكی حكومەتیان لێ دیارە لە هەڵبژاردن، كە سوپاسگوزاری ئەو خەڵكەی بوو لە ئاست پڕۆژەكان.
بەس ئازایەتی بنوێنە ئەمشەو لەژێر رۆشنایی كارەبای 24 كاتژمێری پیاسەیەكی شاریان پێ بكە و لە ئێوارە خوانێک باسی مێژووی پڕ شكۆی نیشتیمانیان بۆ بكە و پێیان بڵێ ( ئەمڕۆ چۆن دروست بووە)، پاشان بیانگێڕە بەناو جادە پان و بەرینەكانی شار با ببینن كە شەقامەكانی خۆشمان هیچی كەمتر نییە لە هی ئەوان.
باببینن ئێستا بە دەیان بەنداو و پۆندمان هەیە و كشتوكاڵمان گەیشتووەتە قۆناغەكی دیكە و هەنگوین، هەنار و سێومان هەناردەی وڵاتان دەكرێ، پێیان بڵی ئەها پشتێنەی سەوزایی و ژینگەمان گەیاندە ستانداردی جیهانی، توخوا سەرەكیش لە چیای قەرەچووغ بدەن با خوێنی وشک نەبووی شەهیدان ببینن و بزانن ئەم خاكە چۆن پارێزرایە و پێیان بڵێ ئەوە نموونەیەكە لە هەزاران داستانی بەرگری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و ئێسك و پروسكی ئەنفالەكانیان پیشاندە زۆر شتی جوانی میللەتەكەت هەیە.
پیشانیان بدەی کە تەواو بوون لە گەڕان بیانهێننە قەیسەری و بن قەڵاتی هەولێرێ و پاش خواردنەوەی ئاوەكی سارد كە لە پڕۆژەی ئاوی ( ئیفراز ) ی دێ، چ قەیدییە دوایێ لە مەچكۆش چایەكی میوان دۆستانەیان بدێ و پارەكەش بە (هەژماری من) واسڵ بكە، ئەوجا ئەوان باشتر تێدەگەن خەڵک بۆ یەك ملیۆن دەنگی دا حزبە خزمەتگوزارەكەی سەرۆكی حكومەت و پلانی پڕۆژە ناوازەكانی داهاتووش دەبینن تێدەگەن كە حكومەت و پارتەكەی كاك مەسرور قابیلی دوو ملیۆن دەنگە.
سەنگەر كانەبی گەورە