ئافرەتێک دەبێتە سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور
هاوشێوەی ژاپۆن، پێشبینی دەکرێت ئافرەتێک بۆیەکەمجار دوای 20 ساڵ ببێتە سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور.
کۆریای باشوور بە گەشبینییەوە لە ئافرەتێک دەڕوانێت تا ببێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات و گۆڕانکاری گەورە لە بواری زیرەکی دەستکردا بکات.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئۆفیسی لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران، هان سیۆنگسوونک، وەزیری کاروبار و پڕۆژە قەبارە بچووک و مامناوەندەکانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات هەڵبژاردووە. ئەگەر بێتو لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، وڵاتەکە بۆیەکەمجار دوای 20 ساڵ دەبێتە خاوەنی سەرۆکوەزیرانێکی ئافرەت. پێش خۆی، لە ساڵی 2006 هان میونگ سووک، وەک یەکەم ئافرەت لە مێژوودا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور هەڵبژێردرا بوو.
کانگ هون سیک، بەرپرسی ستافی سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی هان پێشووتر وەک بەرپرسی باڵای کۆمپانیای زەبەلاحی ئینتەرنێت "ناڤێرە" کاری کردووە، پێشبینی دەکرێت ببێتە کەسێکی دیار لە بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری گەورەی زیرەکی دەستکرد لە وڵاتەکە.
ئەم بەرپرسە جەختیشی کردەوە، هان دەتوانێت لە ڕێگەی گەشەی نیمچە گەیەنەر و بەرزبوونەوەی هەناردەکردن، ئاستی گەشەی ئابووری کۆریای باشوور بگۆڕێت و ئاستەکە گشتگیر بکات و بە هەمووان بگات، بە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانیشەوە.
جێگەی باسە لە 21-10-2025 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئافرەتێکی 64 ساڵان بەناوی سانای تاکایچی، کە سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی دەسەڵاتدار LDP لە ژاپۆن بوو، بە بەدەستهێنانی 237 دەنگ بۆ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرا.