سەرۆکی فەخری کۆچ هۆڵدینگ لە تورکیا هەرای ناوەتەوە
دەم پارتی و سەندیکاکانی پارێزەران سکاڵایان لەسەر ڕەحمی کۆچ تۆمارکردووە
بەهۆی گێڕانەوەی نوکتەیەک کە سوکایەتی بە کەسایەتی ژنی کورد دەکات، دەنگی ناڕەزایەتی لە باکووری کوردستان و تورکیا دژ بە گەورە بازرگانێکی تورکیا بەرزبووەتەوە کە ئێستا سەرۆکی فەخری ئەنجوومەنی کارگێری یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵە پیشەسازییەکانی تورکیایە، سەرەڕای ئیدانەکردنی لەلایەن ئەنقەرەوە، دادگای گشتیی ئیزمیر دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەم پارتی و سەندیکاکانی پارێزەران لە شارەکانی باکووری کوردستان سکاڵایان لەوبارەیەوە تۆمار کردووە.
دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە ناوچەیەکی شاری ئیزمیری تورکیا و لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک، ڕەحمی کۆچ کە ئێستا سەرۆکی فەخرییە و پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێریی کۆچ هۆڵدینگ بووە، کە تێیدا سوکایەتی بە ژنی کورد دەکات، ئەم ڕووداوە نەک تەنها تووڕەییەکی فراوانی لەلایەن کوردان و داکۆکیکارانی مافی ژنان لێکەوتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی یاسایی و حکومەتی تورکیاشی ناچار کرد بە فەرمی بێنە سەر هێڵ.
ڕەحمی کۆچ لە قسەکانیدا، بە پێکەنینەوە باس لە چیرۆکێک دەکات کە تێیدا ژنێکی کورد وەک کەسێکی نەزان نیشان دەدات کە لە زمانی پزیشکەکەی تێناگات کاتێک داوای لێدەکات لە پشت پەردەکە جلەکانی دابکەنێت، ژنەکەش لە وەڵامدا بە پزیشکەکە دەڵێت سەرەتا تۆ خۆت ڕووت بکەرەوە. ئەم گێڕانەوەیە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەندیکاکانی پزیشکان و پارێزەران وەک سووکایەتییەکی بە کەرامەت، زمان و نەتەوەی کورد و ژنانی کورد لێکدرایەوە.
لە یەکەم کاردانەوەی یاساییشدا، دادگای گشتیی ئیزمیر بە فەرمی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لە دژی ڕەحمی کۆچ بە تۆمەتی "سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە بەشێک لە کۆمەڵگە" دەستپێکرد. لەلایەن خۆیەوە، ئاکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، بە توندی دژایەتی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: تەرازوی دادپەروەری بەپێی سەروەت و ناسناو ناپێورێت، زمانێک کە کەرامەتی ژنان بشکێنێت و دژی هەستیاری نەتەوەیی بێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. لە هەمانکاتدا، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی، قسەکانی ڕەحمی کۆچی بە "چەپەڵ و هەڵە" ناوبرد.
هاوکات دەم پارتی و هونەرمەندانی وەک فەرهاد تونچ بە توندی هێرشیان کردە سەر کۆچ و ڕایانگەیاند ژنی کورد مێژوو دەنووسێتەوە نەک و بکرێتە تەنز و گێڕانەوەی بێشەرمانە. هاوکات سەندیکای پزیشکانی تورکیا و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵسەوکەوتەی کۆچیان کرد و جەختیان کردۆتەوە، کە مافی چارەسەری نەخۆش بە زمانی دایک مافێکی بنەڕەتییە و نابێت کێشەی پۆشاک و زمانی ژنانی کورد بکرێتە کەرەستەی سوکایەتی جێندەری و ڕەگەزپەرستی.
لەگەڵ ئەوەشدا، زیاتر لە ١٦ سەندیکای پارێزەران لە باکووری کوردستان (لەوانە ئامەد، وان، مێردین و جۆلەمێرگ) سکاڵای یاساییان تۆمارکرد. لە هەمان کاتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) هاشتاگی #RahmiKoçÖzürDile کە واتە ڕەحمی کۆچ دەبێت داوای لێبوردن بکات، بووەتە ترێندی یەکەم و زۆرێک لە هاوڵاتیان داوای بایکۆتی گشتی بەرهەمەکانی کۆچ هۆڵدینگیان کردووە. بۆیە دوای ئەو کاردانەوانە و لەژێر فشاردام ڕەحمی کۆچ ناچاربوو بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "بە هیچ مەبەستێکی خراپ ئەو قسانەم نەکردووە و لە دڵەوە داوای لێبوردن دەکەم".
کۆچ هۆڵدینگ یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵە پیشەسازی و بازرگانییەکانی تورکیا و لە چەندین بواردا کاردەکەن. لە بواری هۆتێل و گەشتوگوزاردا گرووپی دیوان سەر بە کۆچ هۆڵدینگە، هەروەها لە بواری ئامێرە کارەباییەکاندا، خاوەنی مارکە بەناوبانگەکانی ئارچلیک، بیکۆ و گروندیگە کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بڵاون. هاوکات کۆچ هۆڵدینگ هاوبەشی فەرمی کۆمپانیای فۆردی ئەمەریکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە تورکیاش خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتە بەناوی توپراش.